کوردستانیان لە سەرکار دەردەکەن و کەسانی تر لە جێیان دادەنێن

بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ، نوێنەری دەستنیشان کراوی پەرلەمانی ئێران بۆ شارەکانی سنە و دیواندەرە و کامێران ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاووڵاتیانی کورد دەردەکرێن و بەرپرسانی دایرەکان خزم و کەسوکاری خۆیان  لە شوێنەکانی تری ئێرانەوە دێنن و بە موچەێیکی زۆرەوە لە سەر جێگای کوردەکان دایدەنێن.

ئەو  نوێنەرە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ هەواڵنێرە حکومییەکان ئاشکرای کرد و   گوتی ، لەو دوایانەدا کەسێک لە دیواندەرەوە سەردانی کردین و لە گەڵ داخوازییەکەیدا پێی گوتین لە تاقیکردنەوەی دەرچوە  و وەرگیراوە . بەڵام ئیستا دەبینین کەسێکی تر و لە پارێزگاێیکی ترەوە لە سەرجێگەکەی دانراوە ، وهەروەها زۆر کەس دەبینیین کە لە شوێنەکانی ترەوە هاتونە کوردستان و وەریشگیراون و کاری ئیدارییان پێدراوە و دەپرسم ئەوە لە کوێوە هاتوون ؟ دەڵێن لە تاقیکردنەوەکان درچوین !

بێکاری لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ــ سنە ، ورمێ و کرماشان و ئیلام ـ هەمو کاتێک بە داتای  دژبەیەک لە لایەن بەرپرسانەوە بڵاو دەکرێتەوە ، بۆ نمونە لە ساڵی ۹٥ دا بە پێی لێدوانی ــ ع ــ نوێنەری دەستنیشان کراوی شاری  سنە  ژمارەی بێکاران لە پارێزگادا ٦۰ % بڵاو کرایەوە و سەنتەری ئاماری ئێرانیش لە سەرەتای ساڵی ۹٤ دا ڕێژەی بێکاری لە پارێزگادا زیاتر لە ۱٦%بڵاو کردەوە کە بە پێی ئەم داتایە پارێزگای لوڕستان لە پلەی ۲ بە زۆرترین ڕێژەی بێکارییەوە لە  ئێراندایە   و پارێزگای سنە و کرماشان و ئیلام بە ڕێکی لە نێوان ۲٨ و ۳۲ لە سەدی بیکاری ڕاگەیەندراوە .

لە ساڵی ۹٥ دا داهاتی ساڵانەی هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە نێونجی ئێران زۆر نزم تر بوە کە بە پێی داتاکان یەک ملیون و نیم بوە . ئەمە لە هەلومەرجێکدایە کە نێونجی سەرانە لە ئێراندا ۳ ملیون و چوارسەدهەزار ڕاگەیەندراوە .

هەر لەو بوارەدا جێگری کارو باری ئابوری و پەرەپێدانی پارێزگای کوردستان بۆ ساڵی ۱۳۹٥ سەرچاوەی بانکی پارێزگای شتێک لە نێوان ٥ هەزار ملیارد تمەن لە قاو دا و ڕایشیگەیان کە ئەم ڕێژەیە بەرابەرە لە گەڵ ۷ لە سەدی سەرچاوە بانکییەکانی جوغڕافیای ئێران.

داهاتی سەرچاوەی سروشتی و کانزاکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرابەرە لە گەڵ ۳٥ لە سەدی کانزاکانی ئێران ، بەڵام تەنیا ۷ لە سەدی داهاتە دەسکردەکان  دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان