بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە و هەروەها بە پشت بەستن بەهەواڵنێری فوڕات، ڕۆژی ٥ی جۆزەردان۹٦ ی هەتاوی لە ناوچەی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی هێرش و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر کۆڵبەران لە دەروبەری گوندەکانی “کێمنە و بێرواز” کە لە بۆسەێیکدا کۆڵبەران دەدرێنە بەردەستڕێژ و کۆڵبەرێک برینداردەبێت کە تا دەگاتە نەخۆشخانەی مەریوان گیانی لە دەستدەدات و چەند کۆڵبەر و کاسبکاری تریش کە خەڵکی گوندەکانی بندۆڵ و ناوچەی ساڕاڵ بوون، بریندار دەبن کە برینداران هەناردەی نەخۆشخانەی مەریوان کراون .
سەرچاوەکان نێوی ۳ کەس لە بریندارەکان بەو شێوەیە دەگێڕنەوە: ۱(ـ تۆفیق مستەفایی ٤٥ ساڵ و خەڵکی پێڵەی مەریوان ۲ـ هۆشیار سەحرایی ۳۰ ساڵ و خەڵکی وڵێنەی مەریوان ۳ـ عەدنان شەهیدی خەڵکی بندۆڵی مەریوان) و هەروەها باس لە کوشتنی دەیان سەر ئەسپی کۆڵبەران دەکرێت.
شایانی باسە کە لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران و شورای شارەکاندا، دەنگۆی ئەوە بڵاو بویەوە کە کۆڵبەران بیمە دەکرێن و کەش و هەوای کار و ئابووری خەڵک دەبووژێتەوە و بۆ ماوەیەک تەقەکردن لە کۆڵبەران و کوشتن و بریندار کردنیان، ڕاگیرا کەچی لە دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکان، هێرش بۆ سەر کۆڵبەران دەستی پێکردەوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان