کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ـ یەکێتی ژنانی سوسیالیست لە ژێر درووشمی”فیگەن یوکسەکداغ تان ڕادەست ناکەین و ئیرادەی ژنان ناشکێت”، ڕایانگەیاند کە لە ڕۆژی ۳۱ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی ڕا لە چەند شارێکی ئورووپایی، کەمپەینێکی پشتیوانی لە یوکسەکداغ بەڕێوەدەچێت و هەتا ٤ی پووشـــپەڕ بەردەوام دەبێت.
فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پارتی دێموکراتیکی گەلان HDPیە و سیاسەتوانێکە کە هەموو کاتێک لە هەمبەر دیکتاتۆری لە تورکیا ڕاوەستاوە و لە درێژەی سیاسەتی قڕکردن و تواندنەوەی گەلی کورد لە باکووری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ۲۰۱٦/۱۱/۰٤ وە دەستبەسەر و هەتا ئێستاش لە گرتووخانە ڕاگیراوە.
یەکێتی ژنانی سوسیالیست لە درێژەی ڕاگەیێندراوەکەیان دا ئاماژەیان کرد کە بەرپرسانی سیاسی تورکیا، مافی ژنانیان پێشێل کردووە و ئەوە لە کاتێکدایە هیچ یەک لەو دادگایانەی کە یوکسەکداغ تێیان دا دادگایی کراوە یاسایی نین و ئەوان وەکوو بەڕێوەبەرانی کەمپەینی پشتگیری لەو سیاسەتوانە ژنە، لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ئورووپا، بەردەوامی بە چالاکی پشتگیری خۆیان دەدەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان