ئەو زیندانییانەی لە گرتووخانەی شاری سەقز بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردبو، لە مافی چاوپێکەوتن و پشوو یاسایی بێبەش کراون
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،
ڕۆژی یەکشەممە ۱ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، زیندانییەک بەنێوی “بێهزاد درەخشانیان” کوری ڕەئووف و خەڵکی شارۆچکەی ساحێب سەر بە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ڕەتکردنەوە یەک لەدوای یەکەکانی داواکاری ناوبراو بۆ پێدانی مۆڵەتی چوونەوە دەرەوە و هەروەها سەرەڕای توانینی دانانی بارمتەی گونجاو و پەسەند نەکردنی لەلایەن دادگاوە، ئەو زیندانییە بە ناچاری دم و لێوی خۆی دووریوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، بێهزاد درەخشانیان، بەهۆی گواستنەوەی شتوومەکی نایاسایی، دەستبەسەر کراوە و لەکاتی دەستبەسەر کردنیدا، لاقی دەشکێت و بڕبڕەی پشتی تووشی ئازار و کێشە دەبێت و بۆ چارەسەری، پێویستی بە دەرەوەی گرتووخانە هەیە.
هەروەها بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییانەی کە لە گرتووخانە، نەچوونەتە سەر سندووقی دەنگدان و بەشداری هەڵبژارتنی جومعەی ڕابردوویان نەکردووە، لەگەڵ هەڕەشەی دوورخستنەوە بۆ گرتووخانەی شارەگەلی دوور و هەر وەها پێنەدانی مۆڵەتی پشووی یاسایی کە مافی هەر بەندکراوێکە و ڕێگە نەدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، ڕووبەڕوو دەبنەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان