مین ڕۆژانە لە کوردستان قوربانی دەگرێت

مین ڕۆژانە لە کوردستان قوربانی دەگرێت

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ ۱ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات ـ باشووری کوردستان و لە نیزیک شاری پیرانشار مینێکی بەجێماوی شەڕی ئێران ـ عێراق، بە هاووڵاتییەکی کورد دا تەقییەوە و بەتووندی برینداری کرد و بە هۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی موتتەهەری شاری ورمێ کرا.

“عەبدوللا نەوبەخت” تەمەنی ٥۰ ساڵە و خەڵکی شاری پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ناوبراو ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ بۆ پیاسە دەچێتە چیاکانی دەور و بەری شار و لە ئەنجامدا مینێک پێی دا دەتەقێتەوە و بەپێی سەرچاوەکان ئەگەری لە دەستدانی یەکێک لە پێیەکانی لە ئارادایە.
شایانی باسە کە بە هۆی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە میلیۆنان مینی تێدا چێنراوە و هەتا ئێستا و نێزیک بە ۳۰ ساڵ لە دوای کۆتاییهێنان بەو شەڕە نگریسە، دەستهەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە بیانووی هێزە کوردییەکانەوە خۆی لە خاوێن کردنەوەی ئەو ناوچانە لە مین دەبوێرێ و مین بۆتە بەڵای گیانی خەڵکی ئەو ناوچانە و ڕۆژانە قوربانی دەگرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان