بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان چالاکێکی کرێکاری بە ناو عۆسمان ئیسماعیلی خەڵکی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی ئاژاوە ساز کردن و تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی ، بە هۆی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکاردا بە ساڵێک زیندان لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقزدا سزا درا ، و پاش ناڕەزایی ناوبراو سەبارەت بە سزای یەک ساڵ زیندان لە دادگای پێداچوونەوەدا سزای ناوبراو بۆ دوو مانگ زیندان کەم کرایەوە .
بە پێی ڕاپۆرتەکە ، دادگای پێداچوونەوەی عۆسمان ئسماعیلی ڕۆژی ۱٦ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە شاری سنە بە ڕێوەچوو و بڕیاری دادگا ۲٥ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە دەستی ئەم چالاکە کرێکاریە گەیشت .
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بە پێی یاساکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهانی کە لە خاڵی ۲۰ دا ئاماژەی پێکراوە دەڵێت : “هەر مرۆڤێک مافی ڕێخستنی کۆبوونەوەی هەیە و ئازادانەی لە ڕێگای ساز کردنی ئۆرگانگەلی ئاشتیخوازەوە مافی ساز کردنی کۆبوونەوەی هەیە ” و سەپاندنی سزا بە سەر ئەم چالاکەدا ڕاشکاوانە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە ئەژمار دەکرێت .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان