۷ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تێپەڕی

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەوڕۆ ۱۹ی بانەمەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ۹ی مەی ۲۰۱۷ی زایینی ڕێکەوتە لەگەڵ حەوتەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی زیندانیانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و چالاکی ئێرانی مێهدی ئیسلامیان).

لە سێدارەدانی ئەو چالاکە سیاسی و سڤیلانە لە کوردستان، شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی خەڵکی لە ئێران و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دوای خۆیدا هێنا و ئەو لە سێدارەدانە لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی لەسەر ئاستی جیهانی شەرمەزار کرا.

زیندانیانی لە سێدارەدراو لە کاتی ڕاگیرانیان لە ژوورە تاکەکەسیەکانی ئیتلاعات، لە هەبوونی پارێزەر بێبەش کرابوون  و بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر تووندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دا هێڵرابوونەوە و دادگایەکی۷ خولەکی هەموو ئەو دەرفەتە بوو کە بۆ پاراستنی خۆیان لە هەمبەر تۆمەتە ئاراستەکراوەکان دا پێیان ڕەوا بینرابوو.

ئەو بەندکراوانە بەپێی حووکمی دەرچوو لەلایەن دەستهەڵاتی دادوەری و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان لە زیندانی ئەوین لە سێدارەدران و لە دوای ۷ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئێعدام کردنیان، هەتا ئێستاش نە تەرمەکانیان و نە شوێنی ناشتنیان، بە بنەماڵەکانیان ڕانەگەێیندراوە.

ئێعدامی ئەو بەندکراوانە لە ئێران،  ڕۆژێکی نوێی هێنایە ئاراوە کە ڕۆژی “مامۆستای ئازاد”ە و فەرزاد کەمانگەر کە بۆخۆی مامۆستای گووندەکانی کامیاران و هەروەها چالاکێکی سڤیل و مافی مرۆڤ بوو، بوو بەهۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک لە ناوەندە کانی پەیوەست بە مامۆستایان ڕۆژی ۱۹ی بانەمەڕی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی مامۆستای ئازاد نێودێر بکەن و ئەو هەڵوێستەش لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مافی مرۆڤییەوە، پێشوازی و پشتیوانی لێکرا.

کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەڕای ئەو هەموو ناڕەزایەتی و شەرمەزارکردنە نێودەوڵەتییانە لەمەر لە سێدارەدانی هاووڵاتیانی،  ڕۆژانە بەشێوازی ئاشکرا و نهێنی خەڵک لە سێدارە دەدات و وێڕای پێشێلکردنی بانگەوازەکان و گرێبەستگەلی نەتەوەیەکگرتووەکان، گوڕی داوە بە سەرکوت و چەوساندنەوە لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان