ترسی کۆماری ئیسلامی ئێران لەدادگایی کردنی دادوەرانەی لوقمان وزانیار مورادی

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زانیار و لوقمان مورادی دوو زیندانی سیاسی مەحکووم بەئێعدامی کورد کە لە۱۱ی گەلاوێژی ۱۳۸۸ لەبەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕاگیراون، لەنامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ ڕای گشتی باس لەو ئەشکەنجە وئازارنە دەکەن کە بە سەریاندا سەپێنراوە و هێزی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی ترس لە ڕیسوا بوون وساختەکاری لەو دۆسیەیەی دژ بە ئەوان ئامادە کراوە ،لەدادگاییەکی دادوەرانە خۆدەبوێرن.

دەقی تەواوی نامەی لوقمان وزانیار مورادی بەم شێوەی خوارەوەیە:

لە نێزیک بە۸ساڵ ونیوی پێشووەوە شەو ڕۆژمان لەگەڵ حوکمی ئێعدام تێدەپەڕێنین ولەدواین جارەوە کە دادگای نافەرمی ئێمە بەڕێوەچوو ، سێ ساڵ ونیو تێدەپەڕێ.

هەربەوجۆرەی کە وەزارەتی ئیتلاعات ودەزگای قەزایی بەباشی دەزانێ کەهیچ بەڵگە ودیکۆمێنتێکی گونجاو لەسەر ئەو تۆمەتە پڕوپوچانەی دراوەتە پاڵمان لەدۆسیەکەدا بوونی نییە. ماوەی۸ساڵە ئێمە قوربانی گەمەی سیاسی وسناریۆی گەڵاڵە داڕێژراوی ئیدارەی ئیتلاعای سنەین. تەنیا ئێعدامییەک دەتوانێ هەست بەوە بکات کە لەژێر باری گرانی ئێعدام بوون و کاڵەوەبوونی واتای ژیان یانی چی!

ڕێکەوتی یەکی گەلاوێژی ۱۳۹۳بە ئامادەبوونی پارێزەری بەڕێزمان، کاک “ساڵح نیکبەخت” دادگایەک بۆ لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەمان بەڕێوەچوو  ولەم ڕێوڕەسمەدا دادوەری دادگا ئاماژەی بە ناتەواو بوونی دۆسیەکە ونەبوونی شایەتحاڵ وبەڵگەی پێویستی دژبەئێمە کرد، بەچەشنێک کە لایەنی بەرامبەریش دانی نابە بێ تاوانی ئێمە کەبۆخۆی گەورەترین بەڵگە لەسەر بێ تاوانبوونی ئێمە دێتە هەژمار. لەماوەی ئەم ۳ساڵەدا کەلەو دادگایی کردنەمان تێدەپەڕێ، چەندین جار(سێ جار) دۆسیەکەمان لەلایەن لقی لێپرسینەوەوە بەمەبەستی تۆکمە وپۆشتەکردن وسڕینەوەی کەم وکوڕییەکانی گەڕێنراوەتەوە بۆ زێدی خۆمان(شاری مەریوان)لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگە وشایەتحاڵ، دۆسیەکەمان بەناتەواوی ماوەتەوە بەچەشنێک کە ئەوڕۆ بێ تاوان بوونی ئێمە زیاتر لە جاران ئاشکرا بووە.

ئەم ڕوون وئاشکرا بوونە لەدۆسیەی ئێمە تائاستێکە کە لێکۆڵەر و لێپرسەری دۆسیەکەمان لەم دواییانەدا ڕایگەیاند” دوابەدوای ئەو لێکۆڵینەوانە بەوئەنجامە گەیشتوون، هیچ چەشنە بەڵگە ودیکۆمێنتێک لەمەڕ تاوانباربوونی ئێمە بوونی نییە”!!!.

ئاشکرایە کە هەموو ئەو بەڵگانەی لەسەر ئێمە کۆکراونەتەوە ، لەئەشکەنجەکانەوە سەرچاوە دەگرێ و لێپرسینەوە و ئەشکەنجەگەلێک کە هەرچەندی لێی باس بکرێت هێشتا کەمە، بەچەشنێک کە هەتا ئێستاش مۆتەکەی ئەو شەو و ڕۆژانە لەسەر دەروونمان و ئاسەواری ئەشکەنجەی دژە مرۆڤیانە لەسەر جەستە و ڕۆحمان بەجێماوە.

لەسەردەمی دەسبەسەری، (ماوەی ۱۰مانگ) لەگرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە ، بەهۆکاری هەرە زۆرەوە ئاشکرابوو کەهۆکاری سەپاندنی وەها تۆمەتێک، شتێک نییە جگە لە تۆڵە سەندنەوەیەکی سیاسی، لەبەرئەوەی ۹مانگی سەرەتای دەسبەسەری تەنیا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە کۆمەڵە لێپرسینەوەمان لێکرا.

ڕق و قین و دوژمن کارییەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ باوکی یەکێک لە ئێمە(زانیار مورادی)کە لە چالاکانی سیاسی و ئەندامی یەکێک لەحیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، هۆکاری وەها دۆسیەیەکی شانۆگەرانەی دژبە ئێمەیە و لەهەمان کاتدا هەتا ئێستا چەندین جار هەوڵیان داوە ناوبراو لەهەرێمی باشووری کوردستان تیرۆر بکەن کە بەختەوەرانە بەئەنجام نەگیشتووە.

هەنووکە سەرەڕای نەبوونی بەڵگە ودیکۆمێنت ودرۆیین بوونی ئەو تۆمەتانەی باسمان لێکردن وبێ هۆڕاگرتنمان بۆماوەی دەمدرێژ لەزیندان، وەزارەتی ئیتلاعات بەهۆی ئەوەی لەڕیسوا بوون و دەرکەوتنی ساختەیی بوونی دۆسیەکە دەترسێ، پێش لەبەڕێوەچوونی دادگایەکی دادوەرانە دەگرێت وڕێگەی پێنادات. بەڵام ئێمە بەردەوام هیوامان بەدادوەری لەدەست نەداوە وهیوادازین لەداهاتوویەکی نێزیکدا  دادگاییەکە بەڕێوە بچێ و ڕاستییەکانی دۆسیەکە ئاشکرا بکرێن.

 

جێگەی باسە کە زانیار و لوقمان مورادی لە ڕێکەوتی ۱۱ی گەلاوێژی ۱۳۸۸ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری مەریوان دەسبەسەر کران وپاش ۹مانگ ڕاگرتن لە ژوورەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وەرگرتنی دان پێدانان لەژێر گرانترین ئەشکەنجەی جەستەیی وڕۆحی، گوازرانەوە بۆ زیندانی ناوەندی سنە وپاش ۶مانگ ڕاگوێزران بۆ زیندانی ئێڤین لەتاران.

لوقمان وزانیار مورادی سەرەتای بەفرانباری ۱۳۸۹لە لقی ۱۵ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر “ئەبالقاسم سەڵەواتی” محاکمە کران وبەتۆمەتی “محاربە لەڕێگەی ئەندامێتی لەگرووپێکی دژبەری دەسەڵات وکوشتنی کوڕی ئیمامی جەماعەتی مەریوان”  بەئێعدام لەپێش چاوی گشتی مەحکووم کران ولە ۱۸ی پووشپەڕی ۱۳۹۰ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ئەم حوکمە پشتڕاست کرایەوە و پاشان بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گواسترانەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لەوێ ماونەتەوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان