۱۱٥هەزار بێکاری بێ ناسنامە لە پارێزگای ورمێ بوونیان هەیە

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ؛لە کۆبوونەوەی شۆرای ئیداری پارێزگای ورمێ ڕێژەی بێکاری لەو پارێزگایە لە لایەن “رەزا نقی زادە” بەرپرسی گشتی ئیدارەی کارەوە بەم شێوەیە ڕاگەیاندرا کە لە ئێستادا ۱۱٥هەزار کەس بێکاری بێ ناسنامە لە پارێزگای ورمێ‌دا بوونیان هەیە کە ۳۷هەزار کەس لەم ڕێژەیە خویندنی باڵایان تەواو کردووە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەم بەرپرسە دەڵێت کە ۳ملیارد و ۸۰۰ملیون تمەن پارە بۆ دابینکردنی هەلی کارلە ساڵی ۹٥ی هەتاویدا تەرخان کراوە و لە سەرەتای ساڵەوە ناردنی ئەم بڕە پارەیە دەستیپێکردووە .
ئەم بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستاندا دەڵێت کە چوار فاکتەری سەرەکی ،کار ، بەرهەم(کالا) ،سەرمایە و پارە هیچکامیان لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نین و ئێمە ناتوانین بەم هۆیەوە دابینکەری کار و ئافرێنەری پیشە بین .

بە پێی ئاماری ساڵانی ڕابردوو لەسەر نرخی بێکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها زۆربەی ئامارە ڕاگەیاندراوەکان لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە باشی دەردەکەوێت کە ئەو ئامارانە دوورن لە ڕاستی و چەواشەکارانە ڕادەگەیەندرێن و ڕۆژی ۲۱ی خاکەلێوە پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاند کە ۱۱۰ هەزار بێکارمان لەو پارێزگایەدا هەیە و ئامارە بڵاوکراوەکانی پێشوو ناڕاستن. بەڵام سەرەڕای ئەوەش تەنانەت بۆ ئەو ئامارانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت هەلی کار بۆ بێکاران دابین نەکراوە ، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی هەبوونی کەش وهەوای گونجاو بۆ کشت وکاڵ و دەوڵەمەندی لە بواری ئاودا و هەروەها هەبوونی بوونی کانزایەکی زۆر دەتوانێت زۆر بە ئاسانی ڕێژەی بێکاری کەم بکاتەوە، و ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی کارخانە گەورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگاکانی وەک تاران ،ئەراک ، ئیسفەهان و… کە سەرچاوەی هەموو پێداویستیە سەرەتایەکانیان لە کانزاکانی کوردستانەوە دابین دەبێت .
مخابن بە هۆی تێڕوانینی ئەمنیەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا بێکاری ،هەژاری،…. هەر بەردەوامە و ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ ڕێژەی بێکاری، هەژاری و ….. ، پەرە دەستێنێت .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان