بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەوڕۆ ۱٨ی خاکەلێوە لەشاری مەریوان، تەقینەوەی مینێکی چێنراوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لە بنکەیەکی هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بووە هۆی پەڕینی لاقی نیزامییەک و برینداربوونی ۲ نیزامی دیکە.
بە گوێرەی ئەو هەواڵە، ئەفسەرێکی ئینتیزامی بە نێوی (ب ـ ئا) ۲٥ ساڵە کە خەڵکی شاری خومەین سەربە پارێزگای ئیسفەهانە، لاقی ڕاست، لاقی چەپ و دەستی ڕاستی بریندار بووە و هەروەها نیزامێکی تریش بە نێوی (م ـ ع) ۲٥ ساڵە و خەڵکی شاری کامیاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سووکی بریندارە و بۆ بەشی چارەسەری خێرا لە نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لەو ڕووداوە دا تەنیا نیزامییەک بە گرانی بریندار بووە و ۲ی دیکەش بە دەنگی تەقینەوەکە کەوتوون و بە سووکی بریندار بوون.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، چاندنی مین لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە یەکێک لە ڕێگاکانی پاراستن دەزانێت و ئەو ڕووداوە کە بەسەر هێزە نێزامییەکانی خۆی هات، پێشانی دەدا کە هەتا چەندە چاندنی مین لە کوردستان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ پلان بووە.
کۆماری ئیسلامی ئێران، بەردەوام ڕووبەڕووی گلەیی و گازەندەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دژ بە چاندن و بەکارهێنانی مین، بووەتەوە و یەکێکە لە و وڵاتانەی کە واژۆی لەسەر بەڵێننامەی دژ بە بەکارهێنانی مینی مرۆڤی کردووە، بەڵام هیچ کاتێک ئەو بەڵێننامەیەی جێبەجێ نەکردووە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژانە مین، قوربانی دیکە دەگرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆۆڤی کوردستان