بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دۆینێ ۱٥ی خاکەلێوە کاتژمێر ٨ی ئێوارە لە ئاوایی “شووشمێ” سەر بە شاری “نەوسوود” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مینێکی بەجێ ماوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، بە هاووڵاتییەکی ئەو ئاواییە بەنێوی “محەممەد شوکری ٤٦ ساڵە” دا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا لاقێکی لە گۆزینگییەوە لەدەست داوە.
هەر لەو حەوتوویە دا جارێکیتر مین بە هاووڵاتییەکی کوردی شاری بانە بەنێوی “ئیسماعیل عەزیزیان” دا تەقییەوە و ئەویش لاقێکی لێبۆوە.
شایانی باسە کە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور، ڕۆژهەڵات و باکوور، بە میلیۆنان مینیان تێدا چێنراوە و ڕۆژانە هەواڵی مردن یاخود سەقەت بوونی خەڵکی کورد و ئاژەڵەکانیان بڵاو دەبێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مروڤی کوردستان


