چارەنووسی زیندانییەکی سوننەی کورد، لە دوای ۷ ساڵ نادیارە

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، زیندانییەکی کوردی سوننە مەزهەب لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بەنێوی “ئەنوەر خـزری” کە ماوەی ۷ساڵە لەو زیندانە دەستبەسەرە، لەدوای ڕەتکردنەوەی حوکمەکەی کە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕژیم، شەڕکردن لەگەڵ خودا(محاربە) و پەیوەندی بە گرووپە سەلەفییەکانەوە بەسەریدا سەپێنرابوو و هەروەها لە دوای تێپەڕبوونی ۷ساڵ، هەتا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوبراو نەخۆشە و بەدەستی ئاسم و هەوکردنی سییەکانیەوە دەناڵێنێ کە لەژێر شکەنجە دژە مرۆڤی و دژە ئەخلاقی لێکۆڵەرە ئەمنییەکان لە کاتی ڕاگرتنی لە ژوورەکانی ئیتلاعات دا تووشی بووە.
دەوتری دۆسیەی پزیشکی ناوبراو بزر بووە و پزیشکی زیندان داوای سەر لە نوێ دووپات کردنەوەی تاقیکردنەوە پزیشکییەکانی دەکات، بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە ڕێگری لێدەکرێ و ئەنوەر خــزری بە مردنی لە سەرخۆ ناوی دەبات.
ئەنوەر خزری لە ۱٦ی سەرماوەزی ۱۳٨٨ی هەتاوی لەگەڵ ٦ کەسی دیکە بەنێوەکانی (کامڕان شێخە، خەسرەو بەشارەت، داود عەبدوللاهی، ئەیوب کەریمی، قاسم ئابستە و فەرهـاد سەلیمی) دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای ڕەتبوونەوەی حوکمی لەسێدارە دانیان، چارەنووسیان ناڕوونە و بەرپرسان لەسەر ئەو بابەتە هیچ جۆرە ڕوونکرودنەوە یەکیان لەسەر چارەنووسیان پێنەداون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان