“مانگرتنی زندانیانی کوردی شاری مێردین لە باکووری کوردستان بەردەوامە”

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ ٤۰ زیندانی لە زیندانی مێردین مانیان لە خواردن گرت.

لە زیندانی شاری مێردین ٨ زیندانی کورد کە لەبەر بەجێنەهێنانی داخوازییە ڕەوا و یاساییەکانیان دەستیان بەمانگرتن لە خواردن کردبوو، ئەوڕۆ کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.

بەمەبەستی بەردەوامیدان بەومانگرتنە ٤۰ زیندانی دیکە دەستیان بە مانگرتن لەخواردن کرد.

مانگران لەڕێی بنەماڵەکانیانەوە ڕایانگەیاند هەتا ئەو کاتەی هەموو داخوازییەکانیان جیبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن و هەر وەکوو هەموو مانگرانی پێشوو پێداگری لەسەر مافەکانیان دەکەن. هەروەها داوا لە ڕای گشتی و خەڵکی کورد دەکەن کە بە وشیارییەوە چاو لەو مانگرتنە بکەن و پشتیوانیان بن.

شایانی باسە کە زیندانی مێردین نیزیکەی ٤۰۰ بەندی کوردی تێدایە کە ئێستا ٤۰ لەو کەسانە مانیان لە خواردن گرتووە.

گرتنی هەڕەمەکی، نایاسایی و دژە ئەخلاقییەکانی دەوڵەتی تورکیا، لەگەڵ هیچ یەک لە بنەماکانی مافی مرۆڤ ناگونجێت و سەرەڕای ئاگادارکردنە بەردەوامەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەوڵەتی تورکیا پێداگرە لەسەر کردەوە دژە مرۆڤییەکانی.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان