باکوری کوردستان/ ۲ هەزار کوژراو و ۳٥٥ هەزار کەس ئاوارە و ۱٨۰۰ خانو وێران کراوە

لە ۱٨ مانگی ڕابردودا لە لایەن ئەرتەشی تورکییەوە، لە باکوری کوردستان ۲ هەزار کوژراو و ۳٥٥ هەزار کەس ئاوارە و ۱٨۰۰ خانو وێران کراوە

بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە: ڕۆژی ۱۰ی مارسی ۲۰۱۷ نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕاپۆرتێکی لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن حکومەت و ئەرتەشی تورکییەوە لە باکوری کوردستان بڵاو کردۆتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە باس لە ۱٨ مانگی ڕابردوو لەوڵاتی تورکییە و باکوری کوردستان دەکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا کۆمیساریای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان جەختی لە سەر ئەوە کردۆتەوە کە زیاتر لە ۲ هەزار کورد کە کەسانی مەدەنی بوون بەدەستی هێزەکانی ئەرتشی تورکییە کوژراو و سوتێنراون و ۳٥٥ هەزار کەس ئاوارە بوون کە حکومەتی تورکییە ئیزنی گەڕانەوەی ئاوارەکان نادات و ۱٨۰۰ خانو لە شارەکانی شڕناخ و جزیر و سوری ئامەد ئاڕوختە و کاول کراوە.

شایانی باسە حکومەتی تورکییە ئیزنی بە ڕاپۆرتگەران و نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان نەداوە بە فەرمی سەردانی شار و گوندەکانی باکوری کوردستان بکەن و ئەم لێکوڵینەوە و ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بە نهێنی و بە شاراوە کراوە، هەر بۆیە ئەگەری زۆرە ژمارەی کوژراوان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ زۆر لەوەی ڕاپۆرت کراوە زیاتر بێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان