کوشتنی کاسبکارێکی کورد لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی نەوسوود
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرلەبەیانی ئەوڕۆ پێنجشەممه ۱۲ی ڕەشەممەی۱۳۹۵ی هەتاوی هێزە ئینتزامییەکانی نەوسوود سەربە نودشە کەوتنە ڕاوەدونانی ماشێنێکی لەجۆری تۆیۆتای کاسبکارێکی کورد وبەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانەوە ماشێنەکە لەڕێگەکە بەردەبێتەوە وبەکەوتنە خوارەوەی لەهەڵدێر دەبێتە هۆی کوژرانی شۆفێرەکەی.
شایەتحاڵێک کەئاگاداری ڕووداوەکە بوو بە هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند؛”کاتژمێر چواری سەرلەبەیانی ئەوڕۆ پێنج شەممۆ ۱۲ی ڕەشەممە ماشێنی کاسبکارێکی کورد بەناوی( ئارمان ڕەحیمی)، ۲٤ساڵ تەمەن وخەڵکی گوندی “کەمدەرە”ی سەربەشاری پاوە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی شاری نەوسود لەناوچەی “هفت کشان”ی سەبە نۆدشە کەوتە بەرپەلامار و ڕاوەدوونان ولەئاکامی ئەم ڕاوەدونانەدا هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ماشێنەکەیان دایە بەرتەقەی ڕاستەوخۆ و بەوهۆیەوە ماشێنەکە لەڕێگەکە لادەدا ولەهەڵدێرێکەوە دەکەوێتە خوارو دەبێت بەهۆی کوژرانی شۆفیرەکەی.
جێگەی باسە ڕۆژانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە شوێنی تەڕاتێنی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ولەحاڵێکدا خۆیان بەشێکی گەورەن لە تۆڕی قاچاخ لەناوچەکە وهیچ ڕێگەو بوارێکیان بۆخەڵکی هەژاری ناوچەکە نەهێشتۆتە کەبتوانن قوتی ژیانی خۆیان وبنەماڵەکەیان دابین بکەن وهەموو دەرفەتێکی ژیان وکارکردن لەم ناوچەیە قۆرغ کراوە وتەنانەت ڕێگری دەکەن لەکەسانی ساماندار لەناوچە ومەڵبەندی خۆیان کارگە وکۆمپانیا لێبدەن ودەرفەتی کار بڕەخسێنن ،لەلایەکی دیکەیشەوە هەموو سەرچاوە کانگاییەکانی ناوچەکە دەگوازنەوە بۆ شارەکانی ناوەندی ئێران ،هەربۆیە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچارن گرانترین وپڕمەترسیترین ڕێگە هەڵبژێرن بۆدابین کردنی ژیانی ڕۆژانەیان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان