نەبوونی کەرەسەی پێویست بۆ پاراستنی کرێکاران بوو بە هۆی گیان لە دەستدانی کرێکارێکی کورد

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەمەی ئەمساڵ کرێکارێکی کورد خەڵکی گوندی «ئایەنان» لە دەڤەری شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شوێنی کارەکەی بە هۆی کەوتنەخوارەوە گیانی لە دەستدا.

دەکوترێت؛ ئەم کرێکارە کوردە ۳٤ ساڵان، خاوەنی ماڵ و منداڵ و ۲ منداڵی کەم تەمەنی هەیە.

کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە، کاربا، سووتیان و کەمی ئۆکسیژێن لە شوێنی ئیشدا، چەند هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی کرێکارانن لە شوینی ئیشوکاردا.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی کێشەی ئابوری و دۆخی دژواری ئیشوکارەوە، بە پێی پێویست گرنگیەکی بە کەرەسەی پاراستنی گیانی کرێکاران نادرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە بەرچاووگرتنی بنەمای پارستنی گیانی کرێکاران لە ئیشگەلێک لە چەشنی بیناسازی، پیشەیی و … دەتوانرێت گیانی کرێکاران بپارێزێت یا لانیکەم ڕووداوی دڵتەزێن و کارەساتساز کەم بکاتەوە.

کەڵکوەرنەگرتن لە کەرەسەگەلی پێویست لە لایەن کرێکارانەوە بوە بە هۆی ئەو کە خاوەنکاران و بەرپرسان، لە کاتی ڕوودانی کارەساتسازدا کرێکاران بە تاوانبار دابنن و هەموو کەموکۆڕیەکان بخەنە ئەستۆی کرێکاران، لە حاڵێکدا کە تاوانی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دۆخی گونجاو و کەرەسەی پێویست لە شوێنی ئیشوکاردا بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران و هەروەها نەبوونی پلانی ژیرانە و پێویست بۆ فێرکردن و بەکارهێنانی کەرەسەی پاراستن و پەرەپێنەدانی کەلتوری بکارهێنانی ئەم کەرەسەگەلە لە لایەن کرێکارانەوە.

نەبوونی پەروەردەی و کەرەسەی پێویست لە جێگای ئیشوکاردا بۆ کرێکاران، بەشگەلێکن کە تا ئێستا هیچ هەوڵێکی کاریگەر و بنەڕەتی بۆ بنبڕکردن و یان کەمکردنەوەی ئەم کەموکۆڕیانە لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە بۆ کرێکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نەرداوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان