دەسبەسەری چالاکێکی سیاسی کورد لەشاری سەقز

دەسبەسەری چالاکێکی سیاسی کورد لەشاری سەقز

چالاکێکی سیاسی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری سەقز دەسبەسەرکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان:ڕێکەوتی ۲۶ی ڕێبەندان ئەوساڵ چالاکێکی سیاسی کورد بەناوی (فەرهاد مەلەکی) خەڵکی شاری سەقز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر وگوازرایەوە بۆشوێنێکی نادیار.

کوتراوە:بنەماڵەی ئەم چالاکە سیاسییە هۆکاری دەسبەسەری ناوبراویان پڕوپاگەندەی دژ بەحکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرا لەڕێگەی لایەنگری حیزبێکی کوردستانی ڕاگەیاندووە.

سەرەڕای سەردانە بەردەوامەکانی بنەماڵەی ئەم چالاکە سیاسییە بۆناوەندە ئەمنییەکان تاکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەسەر دۆخی فەرهاد مەلەکی وشوێنی ڕاگیرانەکەی زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەچاوپێکەوتنی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان یان پێوەندی ئەوان لەگەڵ دەرەوەدا ڕێگری دەکات.

بەپێی لێکدانەوەی گشتی ژمارەی بیستی کۆمیتەی مافی مرۆڤ کەلەمەڕ شیکردنەوەی مادەی ۷ی ڕێکەوتنی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی وسیاسێ سەبارەت بە قەدەغەکردنی ئەشکەنجە لەڕێکەوتی ۱۰ی مارسی ۱۹۹۲ی زایینی تۆمارکراوە،کەسانی دەسبەسەر پێویستە بتوانن لەگەڵ پارێزەران،پزیشکان وئەندامانی بنەماڵەکەیان چاوپێکەوتن بکەن.بڕگەی ۱۱ لەشێکردنەوەی گشتی ناوبراو ئاشکرای دەکات کەبۆپشتیوانی لەدەسبەسەرکراوان پێویستە ،بەخێرایی وهەروەها بەتەکووزی وبەردەوام ،کەسەگیراوەکان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵە،پزیشک وپارێزە چاوپێکەوتنیان هەبێ لەژێر چاودێرییەکی تایبەت کەهەڵگری لێکۆڵینەوەی سەرەتاییە ،چاوپێکەوتن ودیمانە ساز بکرێت.بەپشتبەستن بەم شیکارییە گشتییە،بەو ئەنجامە دەگەین کەپێشگرتن لەپێوەندی تاوانباری دەسبەسەرکراو لەگەڵ پارێزەری بەرگریکار، بەڵگە وڕاستییەک لەئەشکەنجەی ناوبراو دێتە هەژمار.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان