بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ دووشەممە ڕێکەوتی ۱۱ی ڕێبەندانی ئەمساڵ سێ کۆڵبەری کورد لە دەڤەری پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کەوتنە بەر شەپۆلی هەرەسی بەفر ، کە پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێر لە ڕووداوەکە بە هەوڵی و بەشداری شاخەوانانی “نەغەدە” و “شنۆ” کۆڵبەران دۆزرانەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی خۆمەینی شاری پیرانشار کران.
کە بەداخەوە یەک لە کۆلبەران بە ناوی ئۆمید خزریانئازەر ، تەمەن ۱۹ ساڵ خەڵکی شاری “شنۆ” بە هۆی قوڵی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدەدات .
جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوار کۆڵبەری دیکە لە دەڤەری شاری “سەردەشت” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بوون بە قۆربانی ڕنووی بەفر و گیانیان لە دەستدا.
جێگای ئاماژەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە هۆی جیاوازیدانان لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بە پێی ئەم جیاوازیە هیچ ئاوڕێک لە خەڵک و بە گشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە بواری ئابوریەوە نەدراوەتۆ و کێشە ئابوری و بێکاری هۆکاری سەرکەین، بۆ ئەوی لاوانی کورد بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان ڕووبکەنە ئیشی مەترسیداری کۆڵبەری کە بێجگە لە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کۆڵبەرەان ، بە هۆی دواکەوتن و هەڵهاتنی کۆلبەران ساڵانە دەیان گەنجی کورد دەبن بە قۆربانی و گیانیان لە دەستدەدەن و یا کەمئەندام دەبن .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان