بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە، چوار هاووڵاتی کورد کە لە ۱٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ دەستبەسەرکرابوون هەریەکەو بە ٥ ساڵ زیندان سزا دران .
لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت کە کەماڵ عەلی ئەقدەم ، عەبدولغەفور ئاسوار، هەژار فارقی و یەعقوب نورە کە لە کەژەوانیدا بوون دەستبەسەر و بە تۆمەتی هەوڵ دژی ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبار کرابوون ، لە لایەن دادوەری پێداچونەوە پشتڕاست کرایەوە و سزایان بۆ دەرچوە.
بە پێی ئەم هەواڵە یەکەم قازی ئەم دۆسیەیە ئەو کەسانەی بە بێتاوان زانیوە و بەهۆی نەبونی بەڵگەوە سزای بەسەردا نەسەپاندبوون .
پێویستە بەبیری بێنینەوە ڕۆژی پانزدەی ڕەزبەری ئەمساڵ هێزەئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هێرشێکی بەربڵاو و هاوکات، ماڵی کۆمەڵێکی زۆر لە هاووڵاتییانی دانیشتوی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشکنیوە و بە لێدان و بێڕێزی پێکردنەوە هەمویان قوڵبەست دەکەن .
لەکاتی دەستبەسەر کردنەکەوە تا وەکو ئێستا عەبدلغەفور ئاسور ، کەماڵ عەلی ئەقدەم و هەژار فارقی ویەعقوبی کە هەمویان لە کەسانی ئاینین لە گرتوخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ ـ جادەی ورمێ تەورێز ـ خراونەتەبەر لێپێچینەوەو لە چەندڕۆژێ بەرێدا هەناردەی زیندانی ناوەندی ورمێ کراون .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان