۲۰ قامچی و ۳ مانگ زیندان سزای دۆسییەی تازەی حەسەن ‌ڕەستگاری مەجد،

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕۆژی پێنج‌شەممە ۲۳ی بەفرانبار حەسەن ڕەستگاری مەجد، بەندکراوی سیاسی کورد لە لایەن لقی ۱۰٤ دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ لە دۆسییەکی نوێدا بە تۆمەتی شه‌ڵەژانی زیندان بە لێدانی۲۰ قامچی و ۳ مانگ زیندان سزادرا.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە حەسەن ڕەستگاری مەجد لە ڕۆژی ۱۳ سەرماوەز دژی دۆسییەسازکردنەکانی کۆماری ئیسلامی دژی خۆی و پەسەند نەکردنی دادگای سەرلەنوێ دەستیدایە مانگرتن لە خواردن و لە ڕۆژی ۲۷سەرماوەز لە کاتێکدا کە لە مانگرتندا بوو ، لە ژوورە تاکە کەسیەکانەوە ڕەوانەی لقی۱۰٤ی دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ کرا و بە تۆمەتی هەژاندنی زیندان کەوتە بەر لێپرسینەوەی دادگا . لە کاتێکدا دادوەری چاودێری بەندیخانە بەڵێنی کۆتای هێنان بە دۆسییەسازی دژی ناوبراوی دابو و حەسەن ڕەستگاری بە پێی ئەم بڵێنانە کۆتایی بە مانگرتن هێنابو، مخابن لە کۆتایدا سزای لێدانی ۲۰ قامچی و ۳ مانگ زیندان بۆ ناوبراو بڕایەوە.

حەسەن ڕەستگاری بەندکراوی سیاسی کورد لە ناڕەزایی دەربڕین دژی دۆسییەسازیگەلی بەردەوام لە بەندیخانەدا و بڕینەوەی سزای نوێ و پەسەند نەکردنی داخوازی دادگای کردنی سەر لە نوێ بۆ سزای ۱٥ ساڵەی سەپێندراو، دەستیدایە مانگرتن لە خواردن و لە ماوەی ۳۳ ڕۆژ مانگرتندا مافی چاووپێکەوتن و تەلەفوونکردنی بۆ بنەماڵەکەی پێنەدرا و سەرەڕای نەخۆشی ئاسمی ناوبراو دەرمانکانی پێ نەدرا.

ئەم بەندکراوە سیاسیە لە لایەن سیستەمی قەزای کۆماری ئیسلامی ئێران ، پێشتر لە چەند فایلی جیاوازدا بە تۆمەتگەلی ئەندامیەتی لە (پ.ک.ک)، هەبوونی نایاسای لە ئێراندا و پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئسلامی ، بە ۱۹ ساڵ زیندان سزا درابو.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان