درێژەی ئێعدامی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بە پێی هەواڵی گەیشوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ،بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ۲٥ ی بەفرانباری ساڵی ۱۳۹٥ دوو بەندکراوی کورد کە بە تۆمەتگەلی مادە هۆشبەرەکان بە لە سێدارەدان سزا درابوون لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان لە سێدارەدران.

لە هەواڵەکەدا هاتوە کە یەک لە بەندکراوان سیف‌ئەڵا حسەینیان کۆڕی ئیبراهیم ۳۳ساڵان خەڵکی سەقز کە ناوبراولە ڕۆژی ۸ی بەفرانباری ۱۳۸۹ لە شاری “سەحنە” سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر دەستبەسەر و ڕۆژی ۲۸ی جۆزەردانی ۱۳۹۱ لە دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری جوانڕۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئێعدام سزا درابو. و بەندکروی دیکە کە لە سێدارەدرا تۆفێق بەهرام‌نەژاد کوڕی قاسم و خەڵکی جوانڕۆ ، ناوبراو لە ساڵی ۱۳۹۱ بە تۆمەتی مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و ۱۳ ڕەشەممەی ۱۳۹۲ لە لقی ۲ ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان بە ئێعدام سزادرا.

سەرەڕای ئەوەی کە گوفتگۆی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەیەکە باس لە هەڵوەشاننەوەی سزای سێدارە بۆ تاوانبارانی مادە هۆشبەرەکان دەکەن و جێگری کۆمەڵایەتی و پێشگری لە ڕوودانی تاوانی سیستەمی قەزایی ڕایگەیاندبوو کە ئێعدامی قاچاخچیانی مادەهۆشبەرەکان کاریگەری بۆ بەرگری کردنی ئەم جۆرە تاوانە نەبوە ، هەروەها یەکێتی ئۆروپا بە شێوەی فەرمی داوای لە ئێران کردبوو کە سزای ئێعدام ڕابگرێت ، سەرەڕای ئەمە هەنوکە لە سێدارەدانی تۆمەتبارانی مادەهۆشبەرەکان لە ئێراندا درێژەی هەیە و لە چەند حەوتوی ڕابردوودا زۆرتر بوە.

جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە لە سەرەتای ئەمساڵی زایینیەوە تا ئێستا پتر لە ۹شاۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێڕان لە سێدارە دراون .

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان