گەڕانەوەی ئەفشار فەتحی پاش کۆتایی ماوەی مەرەخەسی بۆ زیندان

KMMK:

دووشەممە 16ی خاکەلێوەی 2721ی کوردی، چالاکێکی مەدەنی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە ناوچەی ژاوەرۆ بە ناونیشانی ئەفشار فەتحی پاش کۆتایی ماوەی مەرەخەسییەکەی سەرلەنوێ بۆ زیندانی ناوندی حکوومەت لە سنە گەڕایەوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەفشار فەتحی کە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو چبوو بۆ مەرەخەسی بە مەبەستی درێژەی حوکمەکەی پاش کۆتایی گەیشتن بە مەرەخەسییەکەی بۆ زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە گوازرایەوە.

شیاوی باسە کە ناوبراو ڕێکەوتی 19ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی یەکساڵەی خۆی بۆ زیندان ڕەوانە کرا.

حوکمی 5 ساڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە لە دادگای پێداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە بە تۆمەتی” ئەندامەتی لە حیزبێکی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” پوچەڵ، بەڵام حوکمی یەکساڵەی زیندانی ناوبراو بە تۆمەتی” هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە دادگا وەکوو خۆی پەسند کرا.

ئەفشار فەتحی خەرمانانی 2719ی کوردی، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەت لە سنە بە تۆمەتی ” ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی” هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ناوەڕاستەکانی ڕەشەمەی ساڵی 2718ی کوردی، بە تۆمەتی” هاریکاری حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی ئێران” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و لە 7ی خاکەلێوەی2719ی کوردی بە دانانی بارمتەی 500 ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان