بە پێی ڕاپۆرتی سازمانی چاوودێری مافی مرۆڤ کە بە دەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە ، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی پاش۳ساڵ لە تێپەڕ بوونی سەرۆک کۆماری سەرەڕای دروشمگەلی کاتی هەڵبژادنەکان کە لە۲۹ی سەرماوەز لە مەڕ مافی شارۆمەندی بڵاوکرایەوە ، هیچ نەچوەتە بواری کرداریەوە و گارانتی پڕاکتیزەکردنی نیە.
لە ڕاپۆرتی ئەم سازمانەدا کە بارگاکەی لە نیویۆرکدایە، دەڵێت ئێران دەستیکردوە بە پەرەپێدانی لە سێدارەدان، ئەشکەنجەی تۆمەتباران ، هەڵسوکەوتی دژە مرۆیی و نادادوەرانە بونی شێوازی دادگای کردن ، لە پێش چاوو نەگرتنی مافی بەندکراوان، نەبوونی ئازادی بیروڕا دەربڕین ،بایخنەدان بە مافی ژنان و سزاگەلی قورس بۆ ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مافی مرۆڤ کە بە گشتی ئەم شێوە کردارانە دژی کونوانسیونەکانی مافی مرۆڤن و ڕاشکاوانە پێشێلکاری مافی مرۆڤ بە ڕێوە دەبات .
سازمانی چاودێری مافی مرۆڤ ۱۲ژانویە ،۲۰۱۷ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕادەگەیەنێت مافی مرۆڤ بە تایبەت مافی ئازادی بیروڕا دەربڕین لە ساڵی ۲۰۱٦ لە ئێراندا پێشێل کراوە . سازمانگەلی دەستنیشانکراو بۆ نمونە شۆرای نیگابان و سیستەمی دادوەری هەوڵ بۆ لاواز کردنی چالاکیگەلی چکولەی بەشێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی و بەشێک لە ئەندامانی پارڵمان کە داکۆکیکاری مافی شارۆمەندانن دەدەن ،و لە چوارچێوەی ئەم دژایەتیانەدا پتر لە هێز و توانای یاسایی خۆیان هەنگاو دەهاوێن.
سیستەمی ئەمنی ، بە تایبەت ئیتلاعەتی سپای پاسدارانی شۆڕش و سیستەمی دادوەری ،شارۆمەندانی ئەم وڵاتە بە هۆی ئەوەی کە داخوازی مافی خۆیانن سەرکوت کراون .لە لایەن هێزە ڕادیکاڵەکان چەند شارۆمەندێکی ئێرانی کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن و چەند ڕۆژنامەوان دەستبەسەر کراون و بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لە بەر دەستا بێت تۆمەتبار کراون بەوەی کە ئەم کەسانە بەشێکن لە جاسوسانی گوێڕایەڵی وڵاتانی ڕۆژاوا و بە مەبەستی تێکدانی وڵات و بنەما پیرۆزەکان، سزا دراون.
دەیان کەس لە چالاکانی مەدەنی ، پارێزگارانی مافی مرۆڤ و چاڵاکانی ڕاگەیاندنە کۆمەڵایەتیەکان بە هۆی بیروڕا دەربڕینی ڕخنەگرانەی ئاشتیخوازانەوە ، بە تایبەت لە ڕاگەیاندنە کۆمەڵایەتیەکان دەستبەسەر کراون.
دادگاگەلی شۆڕش بە چەشنێک چالاکانی مافخواز بە زیندانیگەلی زۆر کە هندێک جار سزاکان لە ۱۰ساڵ تێپەڕ دەبن سزا داوە.
سارا لی ویتسۆن ،بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سازمانی چاوودێری مافی مرۆڤ کوتی؛(( هێزە ئەمنیەکان و سیستەمی دادوەری ، سەرەڕای ئەوە کە ئامانجی خۆیان پشتیوانی لە دادوەری ڕادەگەیەنن ، ئاستەنگی مەزنیان لە پێش بەڕێوەچونی عەداڵەت و دادوەری لە ئێراندا ساز کردوە. سەرکوتکردنی ئازادیگەلی سەرەکی شارۆمەندان و بایەخنەدان بە پشتیوانیگەلی یاسایی کە ئەرکی ئەوانە ، پیشان دەدات کە ئەوان باوەڕیان بە هێز و توانای خۆیان بۆ حکومەتێکی خاون داد بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا نیە.)).
سەرڕای دابەزینی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە مانگەکانی ساڵی ۲۰۱٦، تا ئێستا ۲۰۳ کەس لە سێدارەدراون و ئەمە لە کاتێکدایە کە گروپگەلی مافی مرۆڤی ڕێژەی ڕاستەقینەیئێعدامەکان نێزیک بە ٤۰۰ کەس شمانە دەکەن.
هەوڵگەلێک کە دسامبری ساڵی ۲۰۱٥ بۆ سڕینەوەی سزای ئێعدام بۆ تاوانگەلی بێ توندوتیژی و مادەهۆشبەراکان ئاراستە پاڕلمان کرابو ، هیچ ئامانجێکی بەدەست نەهێنا. ئەندامانی پاڕلمان لە ۲۳ی نوامبری۲۰۱٦دا دەستنوسێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی تاوانبارانی بێتوندوتیژی و مادە هۆشبەرەکان ئاراستە پاڕلمان کرد.
لە ڕۆژی ۲ی مانگی ئاوت لانیکەم ۲۰کەس لەسێدارە دران کە بانگەشە دەکرا ئەم ۲۰کەسە ئەندامی گروپێکن کە بە باوەڕی بەرپرسان ئەم گروپە، سازمانێکی ترۆریستیی بە ئاژمار دێت ، و بە تاوانی محاربە((شەڕ لە گەڵ خودا )) لە سێدارەدران . گروپگەلی مافی مرۆڤی لە سەر ئەو باوەڕەن ئەم کەسانە بشێکی چکولە لە ۳۳ کوردی باوەڕداری سونەنن کە لە ساڵانی ۲۰۰۹و ۲۰۱۰ دەستبەسەر کران و پاش ئازار و ئەشکەنجە لە گرتوخانەکاندا ، بە دادگاگەلی نادادوەرانە و لە چەند خولەکدا بە سێدارەدان سزا دران.
ژنانی ئێرانی لە مژارگەلێک وەک هاوسەرگیری ،تەڵاق ، میرات وەرگرتن وسەرپەرشتی منداڵ وەک تاکێکی کۆمەڵگا جێاوازیان بۆ دادەنرێت .سەرۆک کۆمار حەسەن ڕۆحانی لە ڕۆژی ۳۱ ژوئیەدا ئازمونی(تست) دامەزراندن لە کارو پیشە دەوڵەتیەکاندا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە مەڕ جیاوازی دانان لە نێوان ژن و پیاودا بە شێوەی هەڵواسراوە ئەم پرسەی هێڵایەوە.
دەوڵەت ئازادییە مەزهەبیەکان سنوردار دەکات و بەهاییەکان مافی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئایینی خۆیانیان پێنادریت.بە هەمان شێوە دەوڵەت چالاکیگەلی کلتووری و سیاسی لە نێوان گەلانی ئازەری، کورد، عەرب و بلوچ سنودار و ئاستەنگ کردوە .لە ساڵ۲۰۱٦ ڕێژەیەکی بەرچاوو لە چالاکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ بۆ نمونە نەرگس محەمەدی، محەمەد سدیق کەبودوەند
و عەبدفتاح سۆڵتانی هێشتا لە زینداندا ڕاگرتوە. کەسانی بە ناوبانگ و ناسراوی دژبەر بۆ نمونە میر حۆسین مۆسەوی ، زارا ڕەهنەوەرد، ومێهدی کەڕۆبی بە بێ هیچ تۆمەت و یان دادگای کردنێک لە فوریەی ۲۰۱۱ تا ئێستا لە ماڵدا زیندانی کراون .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان