مانگرتن لە خواردنی زەینەب سوکانوەند لە بەندیخانەی ورمێ‌

زەینەب سوکانوەند، ژن بەندکراوێکی سزا دراو بە سێدارە بە تاوانی کوشتنی کەسێک، بە هۆی زەخت و گوشاری بەرپرسانی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ و هەروها ڕێگەنەدان بۆ چاووپێکەوتن لە گەڵ هاوژینەکەی لە ڕۆژی ۱۸َ بەفرانبار ئەمساڵدا دەستیدایە مانگرتن لە خواردن.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمانی بەرپرسی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی ورمێ، ئەم بەندکراوە مافی چاووپێکەوتنی حەوتانە لە گەڵ هاوژینەکەی لێ زەوت کراوە و هۆکاری بڕیاری مانگرتنی ناوبراو لە میدیا و ڕاگەیاندنە نێو‌دەوڵەتیەکان و سازمانی بەرگری لە مافی مرۆڤ بەم شێوەیە ڕاگەیاندراوە.

بە کوتەی شەبەکەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ پاش ڕەنگدانەوەی مەزنی چالاکی زەینەب لە میدیا و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتیەکاندا و ناڕوونیگەلی یاسای لە مەلەفی زەینەبدا، هیوای پەسەندکردنی داخوازی زەینەب بۆ لێپرسینەوە و دادگای کردنی سەر لەنوێ لە لایەن دیوانی باڵای ووڵاتەوە هەیە. هەر بەم هۆیەوە لە ئێستادا سزای ناوبراو جێبەجێ ناکرێت.

«زەینەب سوکانوەند‌‌‌ لکران» کچی محەمەد، لە دایک بووی ۱ی پوشپەڕی ۱۳۷۳ لە گوندێکی سەر بە بەشی «شوت» لە دڤەری شاری ماکوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ناوبراو لە ۱٥ ساڵانیدا لە ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۸۸ ژیانی هاووبەشی پێکهێنا و پاش دوو ساڵ لە ژیانی هاووبەشی لە تەمەتی ۱۷ ساڵیدا لە ۱۱ ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۹۰ دا بە تۆمەتی کوشتنی هاووژینەکەی دەستبەسەر کرا.

بە هۆی دۆخی نالەباری دەروونی ناوبراو لە ڕەزبەری ئەمساڵدا منداڵی ئەم بەندکراوە بە مردویی لە دایک بوو، ئەم بەندکراوە لە باری دەروونیەوە تووشی پەرێشانی و ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ بەهۆی زەخت و گوشاری زۆرتری بەرپرسانی بەندیخانە ڕوو لە خراپتر بوون دەنێت.

جێگای وەبیر هێنانەوەیە، کە ئەم زیندانیە ماوەیەک پێش لە گەڵ پیاوێکی زیندانی ژیانی هاووبەش پێکهێناوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان