بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بە هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژنیوز پیاوێک بە سێناریۆیەک ژنەکەی خۆی دەکوژێ.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە گەڕەکی ڕاپەڕین لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان و لە ڕووداوێکی گوماناویدا ژنێک کوژرا .
ئاسایشی گەڕەکەکەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکا کە ئەو ژنە بە سێنارێیەک لە لایەن هاوسەرەکەی خۆیەوە کوژراوە.
رۆژی دووشەممەی ڕابردوو، سێ کەسی دەمامکدار هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو خێزانە کە لە ئاکام دا پیاوەکە بە سوکی بریندار بوو، ژنەکەش بە ۳ چەقۆ کوژراوە.
دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیس پیاوەکە دانی بەوەدا ناوە کە ئەوە بە پلانی خۆی بووە بۆ کوشتنی ژنەکەی تا کەس هەست بەوە نەکات ئەو خێزانەکەی خۆی کوشتتووە.
ڕادەی کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان بە دەست پیاوی بنەماڵەکان جا باوک بێت یان خود برا و مێرد ، یەکجار زۆرە بەڵام ئاماری ڕاستی ئەو ڕووداوانە نادیارە .
ئەوەی بەرچاوە ئەوەیە کە ئەو ڕووداوانە لە ناو بنەماڵە ڕوو دەدەن و پێویستە ئەو توندوتیژیانە بە یاسا و پلانی تۆکمە پێشیان پێ بگیردرێت و کاری کولتووری و پەروەردەی بنەڕەتی هەر لە سەرەتی قوتابخانە و ڕادیو و تلێویزیۆن بۆ بکرێت بە دژی ئەو پێشێلکاریانە کە دژی مافە کانی مرۆڤن و دژی نیوەی کۆمەڵکا و ژنانە.
ژنانی کورد و باشووری کوردستان زۆر تر دەبنە قوربانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و تاوانبارانیش لەدوای ماوەیەک بێ ئەوەی سزای قورسیان بەسەردا بسەپێ بەرەڵا دەکرێن.
کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردوستان