سنە؛ ئازادکردنی گۆڵاڵە وەتەندۆست و سوهەیلا مەتاعی بە بەستنی پێوەنی ئەلیکترۆنی

ک.م.م.ک:

بەپێی ڕاپۆرتەکان، گۆڵاڵە وەتەندۆست، پارێزەری پلەیەکی دادگستری و خەڵکی مەریوان، و سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان کە هەردووکیان چالاکی بواری مافەکانی ژنانن، لە ڕۆژانی سەرەتای پووشپەڕی٢٧٢٦ی کوردی، بە بەستنی پێوەنی ئەلیکترۆنی لە بەندیخانەی ڕژێمی ئێران لە سنە ئازاد کران، بۆ ئەوەی پاشماوەی حوکمەکەیان لە دەرەوەی بەندیخانە و لەژێر چاوەدێریدا تێپەڕێنن.

ئەم دوو چالاکەی مافی ژنان پێشتر بۆ جێبەجێکردنی حوکمی بەندکرانەکەیان، لە کۆتاییەکانی جۆزەردانی ئەمساڵەوە بۆ بەندیخانە ڕاگوێزرابوون و لە بەشی ژنانی ناوەندی چاکسازی و پەروەردە ڕادەگیران.

شایانی باسە گۆڵاڵە وەتەندۆست لە لایەن سیستەمی دادوەریی ڕژێمی ئێرانەوە بە تۆمەتەکانی «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی پێکهێنان یان بەڕێوەبردنی گرووپ و دەستەکان»، «کۆبوونەوە و هاریکاری و هاودەستی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «پوڕوپاگەندە دژی دەسەڵات»، سەرجەم سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. هەروەها سوهەیلا مەتاعیش بە تۆمەتی «پوڕوپاگەندە دژی دەسەڵات» سزای شەش مانگ بەندکرانی بۆ بڕابووەوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *