دالاهۆ؛ کوژرانی دوو برا و نادیاربوونی چارەنووسی هاوڵاتییەکی دیکە لە هێرشی چەکدارانەی هێزەکانی سوپای پاسداراندا

ک.م.م.ک:

پێنجشەممە ٧ی جۆەردانی ٢٧٢٦ی کوردی، موجتەبا وەیسی و مەیسەم وەیسی، دوو برای پەیڕەوی ئایینی یارسان و لە چالاکانی کولتووریی خەڵکی دالاهۆ، لە کاتی هێرشی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر حەشارگەکەیان لە گوندی «خوڵەکەوەش گەورە» (قەڵاکەوش بیموش) سەر بە دالاهۆ، کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی سوپای پاسداران دوای گەمارۆدانی شوێنی حەوانەوەی ئەم دوو برایە، دەستیان بە تەقەیەکی بەربڵاو کردووە، کە لە ئەنجامدا موجتەبا و مەیسەم وەیسی کوژراون و هیچ زانیارییەکیش لەسەر چارەنووسی فەرشاد حاتەمی‌پوور، کە یەکێک لە هاوڕێکانیان بووە، لەبەردەستدا نییە.

شایانی باسە ئەم دوو هاوڵاتییە دوای ئەوەی لە بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێکرابوو، ناچار ببوون ژیانی نهێنی هەڵبژێرن. موجتەبا وەیسی و مەیسەم وەیسی لە کەسایەتییە کولتوورییە ناسراوەکانی ناوچەکە و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی گەڕەکەی «دەرەدرێژ»ی کرماشان بوون، کە پێشتریش بەهۆی ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزەوە، پێشینەی دەستبەسەرکردن و سزای قەزاییان هەبووە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *