ک.م.م.ک
بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان (KMMK): لە درێژەی شەپۆلی پەرەسەندووی ژنکوژیدا لە ئێران، ڕۆژی ٢٦ی بانەمەڕ، کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی «جانا سەعدوونی» کە دایکی دوو منداڵ بوو، لە گوندی تاریمیشی سەر بە شاری خۆی، بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا.
ئەم ژنە گەنجە دوای ماوەیەک لە چەشتنی توندوتیژیی خێزانی و لە بارودۆخێکدا کە هەر لە تەمەنی منداڵیدا هاوسەرگیریی پێکرابوو، گیانی لەدەستدا. وەک بڵێی هێشتا هەندێک پیاو ژن نەک وەک مرۆڤ، بەڵکوو وەک مۆڵکی تایبەتی خۆیان دەبینن؛ میراتێکی ڕزیو کە چەندین سەدەیە بۆنی خوێنی لێ دێت.
سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە کە جانا پێشتریش چەندین جار بووەتە قوربانیی لێدان و هەڕەشە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە، بەڵام نەبوونی میکانیزمێکی کارای پاراستن و ئەو بێدەنگییە زۆرەملێیەی لە زۆرێک لە ناوچەکاندا بەسەر ژناندا سەپێندراوە، دەرفەتی ڕزگاربوونی لێ زەوت کرد. ئەو ئێستا تەنیا ناوێکە لە لیستی درێژی ئەو ژنانەی کە بوونەتە قوربانیی توندوتیژیی جێندەری؛ لیستێک کە ڕۆژ بە ڕۆژ درێژتر دەبێتەوە و بەرپرسانیش هێشتا وەک کیسەڵێکی خەواڵوو کێشەکان چارەسەر دەکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە شەپۆلی دژە ژنی و دیاردەی منداڵە-هاوسەری جەخت دەکاتەوە: نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی لە قوربانیانی توندوتیژیی خێزانی و ئاساییکردنەوەی باڵادەستیی پیاوانە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانەن. لە زۆرێک لە دۆسیەکانی ژنکوژیدا، قوربانییەکە پێش کوژرانی چەندین جار داوای یارمەتی کردووە، بەڵام یان بە هەند وەرنەگیراوە یان بە بنەڕەت شوێنێک نەبووە پەنای بۆ ببات. شارستانیەتێک کە بۆ کۆنترۆڵکردنی قژی ژن یاسا دادەنێت، بەڵام بۆ پاراستنی گیانی نا، دژایەتییەکانی خۆی گەیاندووەتە لوتکە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە جەخت بکرێتەوە کە بەهۆی پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت، سنووردارکردنی میدیاکان و نەبوونی دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە هەواڵە ئۆنلاینەکان، زۆرێک لە حاڵەتەکانی ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان هەرگیز بە تەواوی تۆمار یان بڵاو ناکرێنەوە. لە ئەنجامدا، ئاماری ڕاستەقینەی قوربانیان ئەگەرێکی زۆرە یەکجار زیاتر بێت لەو حاڵەتانەی کە میدیایی دەکرێن، و بەشێکی گەورە لە توندوتیژیی سیستماتیک دژی ژنان لە بێدەنگی و تاریکیدا دەمێنێتەوە.
و؛ ق.ش


