توندکردنەوەی دەستبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان لە ژێر سێبەری شەڕ و پچڕانی ئینتەرنێتدا

ک.م.م.ک:

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمێی ٢٧٢٦ی کوردی، دکتۆر قوربان عەباسی، کۆمەڵناس، نووسەر و چالاکی ناسراوی مەدەنیی خەڵکی نەغەدە، لەگەڵ ئەلشەن عەباسی کوڕە مێرمنداڵەکەی دەستبەسەر کران. کوڕەکەی دوای چەند ڕۆژ ئازاد کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، دۆخی یاسایی و چارەنووسی دکتۆر عەباسی لەبەردەستدا نییە.

هەروەها لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمێدا، سۆران سۆهرابی (خودکام) هاوڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئیتیلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا و لە ڕۆژانی سەرەتای ساڵی نوێیشدا، دەستبەسەرکردنە دەرەیاساییەکان بەردەوام بوون؛ ڕۆژی سێشەممە ٤ی خاکەلێوە، مامە عەلی‌نەژاد، هاوڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد، بێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.

جگە لەمانە، دوو هاوڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی وەیسە محەممەدپوور و ئاکام ئەبووبەکری، کە لە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەدا دەستبەسەر کراون، تا ئێستاش لە دۆخێکی نادیاردا دەژین.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *