ک.م.م.ک:
یەکشەممە، ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی، هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانی ڕێژیمی ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک لە شاری سنە کرد. لە ئەنجامی ئەم دەستڕێژەدا، هاوڵاتییەک بە ناوی محەممەد سۆهرابزادە بەهۆی بەرکەوتنی دوو فیشەک، گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم ئۆتۆمبێلە ئەندامانی بنەماڵەیەکی تێدا بووە و باوک و دایکی ئەم هاوڵاتییەش لە کاتی تەقەکردنەکەدا لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون. تا ئێستا زانیاریی زیاتر لەسەر بارودۆخی سەرنشینەکانی دیکە لەبەر دەست نییە.
جێی ئاماژەیە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی نێوان هاوپەیمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و لەژێر سێبەری پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت، کەشێکی توندی ئەمنی لە ناوچە جیاجیاکانی جوگرافیای ئێراندا باڵی کێشاوە و ڕاپۆرتەکان باس لە زیادبوونی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ هاوڵاتییان دەکەن.
ق.ش


