‏بانگەوازی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان‏بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

‏هاوڵاتیانی هێژا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسساز لە مێژووی هاوچەرخی خۆماندایین؛ قۆناغێک کە بەرپرسیارییەتی، هۆشیاری و یەکگرتوویی نەتەوەیی زیاتر لە هەر کاتێک پێویستە. بە هۆی گۆڕانکارییە نوێکان لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێران و دۆخی نائارامی سیاسی کە دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان و ڕووخانی ئەم ڕژێمە ستەمکارە، لەسەر ئەو باوەڕەین كە زیاتر لە هەموو كاتێك دەبێ هەنگاوی كرداری بۆ داهاتووی ۆڵاتەكەمان باوێژین و لەو كەشەی ئێستادا ئەو بابەتانە ڕەچاو كەین:

‏١. دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان

‏ئێمە باوەڕمان وایە ئاسایشی بەردەوام لە یەکگرتوویی گەل و ڕێزگرتن لە مافەکانی هاوڵاتییان سەرچاوە دەگرێت. پێویستە ئامادەیی تەواو بۆ هاوکاری لەگەڵ هێزە مەدەنی و دامەزراوە کاتییە هەڵبژێردراوەکان بۆ پاراستنی ژیان، سامانی خەڵک و بەرژەوەندییە گشتییەکان هەبێت. . پاراستنی بنکە و ژێرخانەکان، سامانە گشتییەکان و ناوەندە خزمەتگوزاری، فێرکاری و تەندروستییەکان بەرپرسیارییەتییەکی هاوبەشە، و داوا لە هەموو هاوڵاتییان دەکەین بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و هاوتەریب کار بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا.

‏٢. ئامادەیی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە ئیداری و مەدەنییە کاتییەکان

‏بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سەرلێشیواوی لە بەڕێوەبردن و دڵنیابوون لە بەردەوامی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، پێویستە دامەزراوە ئیداری، خزمەتگوزاری و مەدەنییەکان بە بەشداریی کەسانی پسپۆڕ، دڵسۆز و متمانەپێکراوی گەل پێکبهێنرێن و ڕێکبخرێن. ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ پشتگیری لە پڕۆسەی دروستبوونی پێکهاتە شەفاف، وەڵامدەرەوە و بنیاتنراو لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەینین.

‏٣. پاراستنی ڕێک و پێکی، ئارامی و یەکپارچەیی کۆمەڵگا

‏پاراستنی ئارامی کۆمەڵگا، ڕێگریکردن لە ئاڵۆزی ناوخۆیی و دوورکەوتنەوە لە هەر کردارێکی توندەتیژی، دڵنیایی بۆ جێگیری و پێشکەوتنە. لە هەموو هاوڵاتییان، چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی داوا دەکەین بە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی، خۆڕاگری و هاودڵی لە پاراستنی ڕێک و پێکی گشتی و ڕێگریکردن لە بێنەزمی بکۆشن.

‏٤. ئامادەیی بۆ هاتنە ناوی هێزە سیاسی و سەربازییەکانی حیزبە کوردستانییەکان

‏لە چوارچێوەی ئیرادە و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان و بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی، ئامادە بن بۆ هاوتەریبکردن و ڕێکخستنی دۆخی هاتنە ناوی هێزە سیاسی و سەربازییەکانی حیزبە کوردستانییەکان ئەگەر پێویست بێت و بە پێی پلانی هاوبەشی ڕێککەوتووی حیزبەکان. ئەم پڕۆسەیە دەبێت بە ڕێزگرتن لە بنەمای بەرپرسیارییەتی، پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕێگریکردن لە هەر کردارێکی دەرەوەی چوارچێوەی بەرژەوەندییە گشتییەکان ئەنجام بدرێت.

‏لە کۆتاییدا، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا دەکات بە پاراستنی یەکگرتوویی، هۆشیاری و پابەندی بە بەها مرۆیی و نەتەوەییەکان، لە ڕێگای ئاشتی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤانەدا هەنگاو بنێن. داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەستی ئیرادەی ئاگادار و یەکگرتوویی گەلەکەیدایە.

‏کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *