ئاشکرا بوونی ناونیشانی حەوت هاوڵاتیی کوردی گیانبەختکردووی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار

ک.م.م.ک:

ناونیشانی حەوت هاوڵاتیی کورد کە لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران لە شارەکانی کرماشان و تاران گیانیان لەدەستداوە، پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی ئارمین ئەسەدی (تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی سەڵماس) و عەلیڕەزا ئەمەجەدیان (خەڵکی سونقور) گیانیان لەدەستداوە. هەر لەو ڕۆژەدا، سیرووس حەربگین (تەمەن ٣٩ ساڵ) و عەبدولڕەزا لەعل‌ئابادی کەلهوڕ کە هەردووکیان خەڵکی کرماشان بوون، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژران.

لە بەردەوامیی ئەو سەرکوتکارییانەدا، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، سێ هاوڵاتیی دیکە بە ناوەکانی موحسین ڕەزایی (خەڵکی کرماشان)، فریشتە کشاوەرزی (تەمەن ٤٩ ساڵ، خەڵکی کرماشان و نیشتەجێی تاران) و سەعید شەهگولی (تەمەن ٣٧ ساڵ، خەڵکی تویسرکان و نیشتەجێی تاران)، لە کۆبونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارانەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *