ک.م.م.ک:
ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، “عەلی بالایی”، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاباد (ئیسلام ئابادی غەرب) و لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، بەبێ نواندنی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
هەروەها، ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، دکتۆر “ڕەزا خاسی”، هاوڵاتییەکی خەڵکی مەلەکشایی، بە هەمان شێوە و بەبێ حوکمی دادوەری دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، دوو برای خەڵکی شاری کامیاران بە ناوەکانی “میلاد ئیبراهیمی” (یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی مانگی بەفرانبار) و برایەکەی بە ناوی “حامید ئیبراهیمی”، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. حامید ئیبراهیمی دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە؛ بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی میلاد ئیبراهیمی لەبەردەستدا نییە کە سەرەڕای برینداربوونی بە فیشەک دەستبەسەر کراوە و بارودۆخی جەستەیی بە نالەبار و نیگەرانکەر ڕاپۆرت کراوە، بەجۆرێک کە مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.
ق.ش


