ک.م.م.ک:
هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدان و بەردەوامیی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، شەپۆلێکی بەرفراوان لە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی لە شارە جیاوازەکاندا دەستی پێکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی قەزایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش لە گرتووخانە و بەندیخانەکانی ڕژێمی ئێراندا بە ناڕوونی و بێ چارەنووسی یاسایی ڕاگیراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ئاماری دەستبەسەرکراوەکان بەم شێوەیەیە:
- سێشەممە ١٦ی بەفرانبار: مەهدی باقری، هاوڵاتیی خەڵکی سونقوڕ دەستبەسەر کرا.
- پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار: عەرشیا عیسازادە خەڵکی بوجنوورد، و هەر لەو ڕۆژەدا سینا کیانی، هاوڵاتییەکی تەمەن ٢١ ساڵەی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
- هەینی ١٩ی بەفرانبار: عەلی خانی و مەیسەم شاکری، هەردووکیان خەڵکی بوجنوورد، دەستبەسەر کران.
- یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار: بێهنام گوڵشادنەژاد خەڵکی کرماشان و بێهرووز باسەرە خەڵکی ئیلام دەستبەسەر کراون.
- چوارشەممە ٨ی ڕێبەندان: وەحید قەنبەری خەڵکی کرماشان و حیسام ئیسماعیلی خەڵکی پیرانشار دەستبەسەر کران.
- دووشەممە ١٣ی ڕێبەندان: ئایدا کوشکی خەڵکی شاباد دەستبەسەر کرا.
- سێشەممە ١٤ی ڕێبەندان: کەسرا قادربەیگی، خەڵکی ئاسماناوای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
- چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندان: ئومێد عەزیزی، هاوڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دەستبەسەر کرا.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، باری تەندروستی، تۆمەتە پاڵدراوەکان و دۆخی یاسایی ئەم هاوڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.
ق.ش


