ئاشکرابوونی ناونیشانی پێنج هاوڵاتیی کوردی گیانبەختکردووی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار

ک.م.م.ک:

لە ڕەوتی خۆپیشاندانە مەدەنییەکانی ڕۆژانی پێنجشەممە ۱٨ و هەینی ۱۹ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، لانی کەم پێنج هاوڵاتیی دیکە لە شارەکانی کەرەج، کەنگاوەر و ئیلام بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران، گیانیان بەخت کرد.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ۱٨ی بەفرانبار، سێ هاوڵاتی بە ناوەکانی یووسف بەخشی (۲۷ ساڵان، خەڵکی قووچان و دانیشتووی کەرەج)، کیانووش شیرین‌بەیان (۳۹ ساڵان، خەڵکی سەحنە و دانیشتووی کەرەج) و موعین عەباس‌پوور (خەڵکی ئیلام و دانیشتووی کەرەج)، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شاری کەرەج، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و گیانیان سپارد.

هەر لەو ڕۆژەدا، گەنجێکی دیکە بە ناوی عەلی گەردکانە (۲۷ ساڵان و خەڵکی کەنگاوەر)، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی بەخت کرد. لە درێژەی شەپۆلی سەرکوتەکاندا، ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، سەعید سەفەری (٤۹ ساڵان و خەڵکی ئیلام) لە نێو ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەست دا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *