ک.م.م.ک:
قادر یوونسپوور، چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی پێشوو خەڵکی شنۆ، ئێوارەی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی، لە شەقامی سیامەند ڕەحمانی ئەو شارە بەهۆی هێرشی سێ کەسی نەناسراو بە چەکی سارد گیانی خۆی لە دەست دا؛ ڕووداوێک کە شەپۆلێک کاردانەوە و مەحکووم کردنی لە نێوان دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لێکەوتۆتەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، یوونسپوور پاش بەرکەوتنی زەبری یەک لە دوای یەکی هێرشبەرانی نەناسراو، بەر لە ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە گیانی بەخت کردووە. شایەتحاڵان دەڵێن قورسی برینەکانی ئەوەندە زۆر بووە کە ئەگەری ڕزگارکردنی بۆ نەماوەتەوە.
ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەبۆنەی چالاکییەکانی دەیانجار بانگهێشتی دامەزراوە ئەمنییەکان کراوە و بەپێی کوتەی نێزیکەکانی، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هەڕەشەی لێدەکرا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی ئەم هێرشە، وەکوو میناکێکی پڕئازار لە درێژەی توندوتیژی دژی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان وێنا کردووە و خوازیاری لێکۆڵینەوەی ڕوون و بێلایەن سەبارەت بە بکەران و پاڵنەرانی ئەم جینایەتەیە.
بەرپرسانی ڕێژیم تا ئێستە هیچ چەشنە لێدوان یان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیان سەبارەت بەو هێرشە و ناونیشانی بکەران نەخستۆتەڕوو.
ق.ش


