دەرکردنی بەکۆمەڵ و سزای کارگێڕی مامۆستایان لە کوردستان؛ شەپۆلێکی نوێی فشار لەسەر کۆمەڵگەی پەروەردەیی

ک.م.م.ک:

بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان کە لە مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ بە مامۆستایانی پارێزگای سنە ڕاگەیەندراوە، هەشت مامۆستای بەئەزموون لە شارەکانی سنە ، دیواندەرە و مەریوان بە بڕیاری کۆتایی دەستەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. ئەم کارە کە بە شێوەیەکی سەرەکی مامۆستایانی خاوەن بڕوانامەی تەواو و زیاتر لە دوو دەیە ئەزموونی وانەوتنەوە لەخۆدەگرێت، لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە وەک نموونەیەکی نوێی فشاری سیستماتیکی بۆ سەر چالاکانی سەندیکاکان و دەزگای پەروەردەیی لە کوردستان و ئێران هەڵدەسەنگێندرێت.

هەشت مامۆستا بە ناوەکانی سومەییە ئەختەرشومار خەڵکی مەریوان، مەجید کەریمی، غیاس نێعمەتی، جەهانگیر بەهمەنی خەڵکی سنە، ئومێد شامحەمەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی خەڵکی دیواندەرە دەگررێتەوە، بە دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لە کارکردن بێبەش کراون. سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم کۆمەڵە مامۆستایە بە ئەزموون بوون و بڕوانامەی ماستەریان لە خوێندنی ناوەندیدا هەبووە.

جگە لەم دەرکردنانە، زنجیرەیەک بڕیاری کارگێڕی دیکە بەسەر دەستەی پەروەردەی پارێزگاکەدا سەپێنراوە، لەوانەش سزای شەش مانگ تا ساڵێک بێ بەش کردن لە کار بۆ شەهرام کەریمی و لوقمان ئەڵڵا مورادی (سەقز) و سەڵاح حاجی میرزایی خەڵکی سنە. هەروەها نەسرین کەریمی و لەیلا زارعی خەڵکی (سنە) و سولەیمان عەبدی خەڵکی سەقز “خانەنشینی ناچاری لەگەڵ دابەزاندنی پلەی گروپ”یان پێدراوە.

لە کۆمەڵە بڕیارێکی دیکەدا، مامۆستا فەیسەڵ نووری، مامۆستای خەڵکی سنە وەک “رێکارێکی کارگێڕی” لەڕووی ئیدارییەوە دوورخراوەتەوە بۆ پارێزگای کرماشان و دوو مامۆستای دیکە بە ناوەکانی “محیەدین ڕێحانی و تابان حەدادیان” لە وەدەستگرتنی پۆستی جێگر و بەڕێوەبردن قەدەغەکراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەم زنجیرە حوکمە بە بەشێک لە ڕەوتی پەرەسەندنی کۆنترۆڵکردن و بەرتەسککردنەوەی کەشی پەروەردەیی لە ئێراندا دەبینێت، ڕەوتێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕەخنەی لێ گیراوە. هۆشداریش دەدەن کە نەهێشتنی کارمەندانی تایبەتمەند کاریگەری زۆۆری دەبێت لەسەر کوالێتی خوێندن لە ناوچە بێبەشەکان و لێکەوتەی کۆمەڵایەتی درێژخایەنی بۆ کوردستان دەبێت.

ڕاپۆرتە زیادەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کەیسانە لە ناوەندی سەرنجی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا ماونەتەوە و دۆخی مامۆستا دەرکراوەکان بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردن.

E.Sh

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *