ک.م.م.ک:
بەپێی زانیاری ناوەندی هەواڵگریKMMK، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی شاری شنۆ لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو بوو بە ٤ کەس، سەرلە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی٢٧٢٥ی کوردی، هێزەکانی ئیتلاعاتت سپای پاسداران بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی و تونداژۆیانە، دوو هاوڵاتی بەناوەکانی شۆڕش سەررووتی و ئیسماعیل سەیدمەحموودیان ـیان دەسبەسەر کرد.
بەپێی زانیاری پشتڕاستکراوە، شۆڕش سەرروتی ٢٨ساڵ تەمەن خەڵکی گوندی نیلوان سەر بە شاری شنۆ، نێزیک کاتژمێر سێی سەرلە بەیانی لە هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا. بەپێی کوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەسبەسەری ئەم هاوڵاتییە تونداژۆیانە و بە شکاندنی درگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان هاتۆتە ئاراوە.
هەروەها ئێوارەی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی، سەید ئیسماعیل سەیدمەحموودیان، ٤٥ساڵ تەمەن خێزاندار و باوکی سێ منداڵ، کارمەندی جەهادی کەشاوەرزی و خەڵکی شنۆ، لە پارکی ساحلی ئەو شارە و لە کاتێکدا بنەماڵەکەی لە گەڵ بوو بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی و تونداژۆیانە دەسبەسەر کرا. پاش دەسبەسەری ناوبراو بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە ورمێ گوازرایەوە.
لە دوو ڕۆژی دوایی، شارام نەجاڕی و شوانە ئیبراهیمی ـیش لە شنۆ تونداژۆیانە دەسبەسەر کراون و دڵەڕاوکێ بەرانبەر بە شەپۆلی نوێی دەسبەسەرییە سەرەڕۆیانەکان لە کوردستان هەڵکشاوە.
ئەم دۆخە بەپێی بنەما مافی مرۆییەکان، پێشێلکاری جیددی ڕێساکانی لێکۆڵینەوەی دادوەرانە و مافی هاوڵاتیان دەنرخێنرێ و ناوەندی هەواڵگریkmmk، بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ ڕەوتی پەرەگرتووی ئەم دەسبەسەریانە دەکات.
ق.ش


