دۆخی جەستەیی سەعید شیرزاد زیندانی سیاسی کورد ڕووی لە خراپ چونە

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان :سەعیدشیرزاد زیندانی سیاسی کورد لەدوای بیستویەک ڕۆژ مانگرتن لە خواردن توشی بێ تینی و ئێش و ئازاری زۆری ورگ و گەدە بوە و تاوەکو ئێستا ڕەزامەند نەبوە هەناردەی خەستەخانەی ناو زیندانی گەوهەردەشت بکرێت و تائێستاش هیچ هەوڵێک بۆ لە بەرچاوگرتنی داواکارییە کانی لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە ئەنجام نەدراوە .

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە ، سەعیدشێرزاد گوتویەتی :پێشتر کەماڵ ئەحمەدڕەمەزان کەخەڵکی ڕۆژاوای کوردستانە لە کاتی هەناردەکردنی بۆ نەخۆشخانە لە کاتێکدا مانی لە خواردن گرتبوو دراوەتە بەر لێدان و بێڕێزی پێکردن و چەند ڕۆژێک لە “کۆما”دا بوە و حەوتوی پێشو زیندانی سیاسی بەهمەن موسیوەند کە لە مانگرتندابوو بە پێی فەرمانی بەرپرسی زیندان بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتی زیندان کراوە  و ئێمە ناچار بوین چونکە گوشار هاتبوە خوارەوە و توانای ڕۆیشتنی نەبوو بە دارەمەیت بیبەینە ناو نوسینگەی بەرپرسی زیندان و بە داخەوە بە هۆی ئەوەی کە مانی گرتبوو درایەبەر شەق و لێدان و ئەشکەنجەیان کرد ئیتر چۆن باوەڕ بە بەرپرسان بکەم و مانگرتنەکەم بشکێنم .

سەعیدشێرزاد لە ناڕەزایەتی بەوەی کە لەزیندا بە “مەرگی بێدەنگ لە لایەن بەرپرسی زیندانەوە ناوی لێبردوە و بەپێی ئەو پێشێلکاریانەی کە لە زینداندا بەرانبەر بە زیندانیان دەکرێت ،بۆ نمونە لێدان و بێڕێزی پێکردن لە کاتی بەڕێکردنی زیندانی بۆ دادگاو نەخۆشخانەکان  لە ڕۆژی ۱۷ی سەرماوەزەوە لێوەکانی دوریوەتەوە .

سەعید شیرزاد چالاکی سیاسی و مەدەنی کورد و ۲٨ ساڵ تەمەن لە دوازدەی جۆزەردانی ۱۳۹۳ لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراو و لە دوای دوو مانگ ڕاگرتن لە ژورەتاکەکەسیەکانی بەندی ۲۰۹ی زیندانی ئێڤین لێپرسینەوەی لێکرا .

دەڵێن ؛هۆکاری دەستبەسەرکردنی شێرزاد چالاکییە مەدەنییەکانی بوە لە بواری منداڵانی کار و پەیوەندی بە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیەوە بوە .

سەعید شێرزاد لە دوای تەواو بونی لێپرسینەوەکانی تایبەت بە وەزارەتی ئیتلاعات ، هەناردەی بەندی هەشتی زیندانی ئێڤین کراروە و لە دوای ماوەێیکی کەم بە بێ بەڵگەی دادوەری هەناردەی زیندانی ڕەجایی

شاری کەرەج کرا .

لقی ۱٥ی دادگای  شۆڕشی تاران بە بەرپرسایەتی ئەبو لقاسم سەڵواتی لە خەرمانانی ۱۳۹٤دا سەعید شێرزادی بە تۆمەتی گردبونەوە و هەوڵ بۆ تێکدانی هێمنی نەتەوەیی بە ٥ساڵ زیندان سزادرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان