ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکان، هەشت چالاکی ئاینی لە شارەکانی جوانڕۆ و سەرپێڵ زەهاو سەرجەم بە ٢٠ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران. ئەم حوکمە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە کرماشان بەتۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپگەلی نەیار دەرکراوە و دواتر لە قۆناغی پێداچوونەوەیش ڕێک وەکوو خۆی پەسند کرا.
بەگوێرەی هەواڵەکان، ئەم کەسانە بەیتین لە یاسین ئەعزەمی ٢٧ساڵ، مەعین خودادادی ٢٥ساڵ، یاسین شەهسەواری٣٠ساڵ، فەرید مرادی ٢٩ساڵ، یاسین ڕەمەزانزادە ٢٩ساڵ خەڵکی جوانڕۆ و هێمن پالانی ٢٨ساڵ، عیرفان مرادی ٢٣ساڵ و پەیمان بابایی ٣١ساڵ خەڵکی سەرپێڵ زەهاون. هەرکام لەم تۆمەتبارانە بە ٢ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.
ئەم حوکمانو پاش تانەلێدانی تۆمەتبارکراوان، لە لقی ١٤ی دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمی ئێران لە کرماشان بە سەرۆکایەتی نەوید سەحرایی پەسند کراوە و هەشت چالاکی مەدەنی بۆ جێبەجێ کردنی حوکم بۆ لقی جێبەجێکاری حوکمەکان بانگهێشت کراون.
بە پێی زانیارییەکان ئەم کەسانە لە ساڵی ٢٧٢١ی کوردییەوە لەلایەب وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش دوو مانگ ڕاگیران لە گرتووخانەی گۆڕەپانی نەوتی کرماشان، بەدانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
ق.ش


