ک.م.م.ک:
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵی کوردستان«KMMK»، ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢٥ کوردی، سزای لەسێدارەدانی ڕەزا شەهلائی نیا تەمەن ٢٧ ساڵ، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قۆروەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرمان جێبەجێکرا.
شەهلائی نیا پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی “مادەی هۆشبەر” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو. سێ ساڵ لەمەوبەر دەستگیرکرا و لە کۆتاییدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم ڕووداوە دوای شەپۆلێکی بەربڵاوی ئێعدامەکان کە لە لایان رژێمی ئێرانەوە دەستی پێکردووە؛ ڕەوتێک کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندە مافی مرۆڤیەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد لەخۆ دەگرێت.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان داوە سەبارەت بە نەبوونی رێڕەوی دادپەروەرانە و بەکارهێنانی ئامرازی سزای لەسێدارەدان لە کەیسەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان.
ناوەندی KMMK وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کوردی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەرمەزار دەکات و بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و پێچەوانەی پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی ئەزانی.
ب.س


