سەقز؛ تەرمی محەممەد ڕەشیدی شەوانە لەژێر فشاری هێزەکانی حکومەتی داگیرکەر بەخاک سپێردرا

KMMK:

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە KMMK، بنەماڵەی محەممەد ڕەشیدی، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی پیر عومران سەر بە شاری سەقز، دوای ئەوەی لە ژێر گوشاری توندی هێزە ئەمنییەکان لە تەقەی ئەم دواییەی کانگای زێڕی قەڵقەڵادا کوژرا، بەناچاری تەرمی کوڕەکەیان شەوانە بەبێ ڕێوڕەسمی گشتی، بنێژن.

تەقەکردن لە کانگای قەلقەڵا
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٤، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندی پیر عومران دژی شێوازی دەرهێنانی زێڕی کانگای قەلقەڵا بە دەستێوەردانی چەکداری بەرەوڕوو بووەوە. محەممەد ڕەشیدی لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا گیانی لەدەستدا و لانیکەم چوار کەسی دیکە بە ناوەکانی محەمەد ئەمین ڕەشیدی، هێمن ڕەشیدی، ڕامیار ڕەشیدی و عادل ڕەشیدی برینداربوون. بریندارەکان بەهۆی دۆخی ئەمنیەوە لەبری سەقز بۆ نەخۆشخانەی سەلاح الدین ئەیوبی لە شاری بانە گواستراونەتەوە.

بە وتەی ئەندامانی بنەماڵە، دوای ئەوەی تەرمی محەممەد ڕەشیدی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە هەر جۆرە گردبوونەوەیەکی گشتی بۆ پرسەکە کردووە. ئەم فشارە بنەماڵەی ناچار کرد لە نیوەشەو و بە تەواوی بێدەنگی تەرمەکەی لە زێدی خۆی پیر عومران بنێژن. سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم ڕێوشوێنە بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە کاتی پرسەدا گیراوەتەبەر.

E.Sh

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *