ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکان، دوو زیندانی سیاسی بەناوەکانی حەسەن مەردانی ٦٧ساڵ تەمەن و لوقمان پیشیار ٦٠ساڵ تەمەن، ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٥ی کوردی، لە زیندانی ڕێژیمی ئێران لە شاری بۆکان ئازاد کران.
ئەم دوو هاوڵاتییە کە پێشتر لەلایەن دادگای سزاکانی لقی ١٠١ی ڕێژیمی ئێرانەوە لە بۆکان بەتۆمەتی ئەندامەتی و هاریکاری حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەر کام بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوون، لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردووەوە خولی حوکمەکەیان تێدەپەڕاند.
مەردانی و پیشیار یەکەمجار لە ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی دەسبەسەر کران.
ئەوان پاش نێزیک دوو مانگ بەدانانی بارمتە ئازاد کران بەڵام لە ١٠ی ڕێبەندانی هەمانساڵ هەمدیسان دەسبەسەر کران و بۆ جێبەجێ کردنی حوکمی سێ ساڵەیان ڕەوانەی زیندانی ڕێژیم لە بۆکان کران.
ق.ش


