بێکاری لە شێخ سلە بەگشتی بە سەداسەد گەیشتووە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هاوڵاتیانی ناوچەی شێخ سلە بەگشتی هەموویان بێکارن. بەگوێرەی هەواڵەکە دۆخی بازاڕچەی سنووری شێخ سلە بەگشتی وەکوو داخراوی لێ هاتووە.بێ تەدبیری بەرپرسانی حکوومی و ناڕێخراوەیی بوونی ترێلی وگەڵابەی بارکێش لەناوچەکە بووە بەهۆی داخرانی ئەم بازارچەی سنوورییە.

یەکێک لەکرێکاران کەپیشەی ئەو هەڵگرتنی تەلیسی چیمەنتۆیە بۆ تڕانزیتکردن لەسەر گەڵابە بارهەڵگرەکان بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی کوت ۷۰٪ی تەلیس گەلی چیمەنتۆ وچیمەنتۆ هەڵڕاژاوەکان بوون بە بەرد وهەربەو چەشنە لەتەنیشت ڕێگەکان فڕێ دراون.

هەندێ ڕۆژ حکوومەت ئیزن دەدات گەڵابەگەلی بارهەڵگری چیمەنتۆ بێنە ئەم پەڕی سنوورەوە وپڕبار بکرێن وهەندێ ڕۆژیش ئەم ئیزنەیان پێ نادەن.کەسیش نازانێ لەسەرچ بنەمایەک و بۆچی وەها بەرپرسیاریەتی دەکەن،زۆرجار هەبووە نێوەی گەڵابەکەمان بارتێکردووە ولەناکاو یەکێک لەڕێداران هاتووە وپێشی بەکارەکەمان گرتووە.

زۆرینەی گەنجان وهاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە سەرقاڵی پیشە وکاری بارکێشان وبارتێکردنی گەڵابە بارهەڵگرەکانن وگەر بەم چەشنە بچێتە پێشەوە ئیدی گەڵابە وترێلییە بارهەڵگرەکان ڕوو لەم ناوچەیە ناکەن وهەموومان بەگشتی بێکار بووین ونازانین بۆسبەی داخۆکارمان دەبێت یان نا.

کرێکارانی بارهەڵگر لەسەر ترێلییەکان بەگشتی لەتوێژی کەم داهات وهەژاری کۆمەڵگان. ئەوان بەڕۆژدا لەحاڵەتی هەبوونی بار بۆ بارهەڵگرتن وکێشان لەسەر ترێلییە بارهەڵگرەکان دادەمەزرێن وئەگەریش کارێکیان نەبێت بەبێ هەبوونی تەئمینی کۆمەڵایەتی دەبێ چاوەڕێی ترێلی دواتر بمێننەوە کەڕەنگبێ کاریان پێ بدەن.

جێگەی باسە کەزۆرینەی ئەم کرێکارانە بەهۆی نەبوونی کار ونەبوونی تەئمینی کۆمەڵایەتی  کەژیانی ڕۆژانەی ئەوان دابین دەکات ناچاربوون پەناببەنە بەر کاری کۆڵبەری وهەرلەم مانگەدا دووکەس لەخەڵکی ناوچەکە بەناوەکانی ئەیووب سەرەری وئەکڕەم ڕەمەزانی بەتۆمەتی کۆڵبەری وبەتەقەی ڕاستەوخۆی فیشەک لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیانی خۆیان لەدەست دا.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان