سامان کەریمی چالاکی مەدەنی کورد بانگهێشتی دادگا کرا

سامان کەریمی کوڕی عەباس چالاکی مەدەنی کورد، خەڵکی شاری مەریوان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەڕێی نامەیەکەوە بانگهێشتی لقی ۱۰۱ی دادگای مەریوان کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لەبەرواری ۲۸ی سەرماوەزی ۱۳۹٥ی هەتاوی لەڕێی نامەیەکەوە لەلایەن ناوەندی ئاگادارکردنەوەی دادگای مەریوان، ئەم چالاکە مەدەنییەی کورد، بۆ (شی کردنەوە و وڵامدانەوە وبەرگری کردن لەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵی) بانگهێشتی لقی ۱۰۱ی سزادانی ئەم دادگایە کرا.

وەک باسی لێکراوە؛ هۆکاری سەرەکی بانگهێشتی ئەم چالاکە مەریوانییە (دامەزراندن وبەڕێوەبردنی کەمپەینی نا بۆڕێگەی مەرگی سنە ــ مەریوان) بووە ودەبێ ڕۆژی دووشەممۆ ۲۹ی سەرماوەزی ۱۳۹٥ی هەتاوی لەدادگا ئامادە بێت.

سامان کەریمی ڕۆژی پێنجشەممۆ ۲۲ خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌مساڵ، لەماڵەکەی خۆیدا کەوتە بەرپەلاماری هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ودەسبەسەرکرا.

ناوبراو نێزیک بەمانگێک لە ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی ناوەندی مه‌ریوان دەسبەسەر بوو، پاشان بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتی لەزیندان ئازادکرا.

بەکوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سامان کەریمی لەچالاکانی بواری نمایش (تئاتر) ولەئەندامانی گرووپی نمایشی «ڕێگا» و «شین» لە شاری مەریواندایە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان