مەهاباد؛ مردنی گوماناوی زیندانی سیاسی قادر ڕەسووڵپوور لە ڕۆژی ئازادکردنیدا

ک.م.م.ک.:

قادر ڕەسووڵپوور بەندکراوی سیاسی، ڕۆژی هەینی ٢٧ پوشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی، تەنیا چەند کاتژمێرێک بەر لە کۆتایی هاتنی حوکمەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد لە هەلومەرجێکی گوماناویدا گیانی لەدەست دا. تەمەنی ٥٣ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد بوو و نزیک بە ٩ ساڵ لە ژیانی لە زیندانەکانی ئێران و بە هۆی چالاکیی سیاسی بەسەر بردبوو.

بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرچاوە فەرمییەکانی بەندیخانە بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە “لەکاتی خۆشۆردن و بەهۆی تەشەنۆج” گیانی لەدەستداوە. بەڵام خێزانەکەی و کەسوکارەکەی گومانیان لەم گێڕانەوەیە دەربڕیوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو هیچ نەخۆشییەکی بنەڕەتی نەبووە و لە دوایین کۆبوونەوەی خێزانەکەیدا کە ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو، تەندروستی تەواو بووە و بە متمانەوە باسی ئازادکردنی خۆی کردووە.

بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش دواکەوتنی چەند کاتژمێرێک لە پرۆسەی ئازادکردنیدا، بە گیانلەدەستدانی ئاگادارکرانەوە. ئێستا تەرمەکەی بۆ فەرمانگەی پشکنەری پزیشکی ورمێ گواستراوەتەوە و تا ئێستاش ڕاپۆرتێکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری یەکلاکەرەوەی گیانلەدەستدانی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە.

قادر ڕەسووڵپوور پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە گشتی نزیکەی نۆ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، کە ماوەی لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بەسەر بردبوو. کۆچی دوایی ناوبراو، لە سەروبەندی ئازادکردنیدا، جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە تەندروستی و سەلامەتی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران زیاتر کردووە.

ف.ن

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *