ماوەی هەفتەیەکە چالاکی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتن له شاره‌کانی ئیلام، سنه و کرماشان رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. خۆپێشاندانەکان دژ بەنەبوونی خزمەتگوزاریەکان و کەمتەرخەمی حکومەتی ئێران بەرامبەر دۆخی نالەباری ئابووری و گوزەرانیەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدرێن.
ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو 31.01.2016 له شاری ئیلام ئاژه‌ڵداران لەدژی پێنەدانی قەرز (وام) بۆ کڕینی که‌رسته‌ی پێویست له لایه‌ن بەڕێوبەرایەتی ڤێرتەرنەری (دامپزیشکی) له بەردەم ئەو بەڕێوبەرایەتیەدا گردبونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
هەرلەهەمان شار کۆمه‌ڵێک له په‌رستاره‌کانی نه‌خۆشخانه‌ی که‌وسه‌ر بۆ جارێکی تر لەبەرامبەر پێنه‌درانی مووچه‌کانیان خۆیان له به‌رده‌م ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه کۆبوونه‌وه و ناڕەزاییان نیشاندا.
له شاری سنه‌ش کارمەندانی خزمه‌تگوزارییه‌کانی ماتۆڕی شاره‌داریی ناوچه‌ی به‌هاران که له لەدژ بەنەدانی مافی بیمەکانیان، له نێو بینای شاره‌داری کۆبوونه‌وه و داوای مافه‌کانی خۆیان کرد.
هەرلە سنە بازرگانه‌کانی شاره‌کە بێزاریی خۆیان لە سەندنی باجی له ڕاده‌به‌ده‌ری کاربه‌ده‌ستانی ڕژێم نیشاندا و له به‌رده‌م ئیدارەی بازرگانی شارەکە کۆبونەوە.
له شاری کرماشانیش ئاژه‌ڵداران بەمەبەستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له بابه‌ت نه‌کڕینی به‌رهه‌مه‌کانیان له لایه‌ن بەڕێوبەرایەتی پشتیوانیی کاروباری ئاژه‌ڵدارانی شاره‌کە، گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لەشاری ورمێ‌ش خزمەتگوزاریەکان ڕاوەستاون، ئەوەش کاریگەری نەرێنی کردوەتە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. کاربه‌ده‌ستانی حکومەتی شاری ورمێ ده‌ڵێن: به‌هۆی که‌میی بودجه زیاتر له ٢٠٠٠ پڕۆژه‌ی پیشه‌یی و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پارێزگاکە به نیوه‌چڵی ده‌ستیان لێ هه‌ڵگیراوه، یان کاره‌کانیان زۆر به خاوی بەڕێوەدەچێت.
ناسر حه‌زره‌تی په‌ر به‌رپرسی ڕێکخراوی به‌ڕێوه‌به‌ری و پلاندانانی پارێزگای ورمێ ئاماژه به‌وەکرد کە دووهه‌زار پڕۆژه‌ی نیوه‌چڵ له بواره‌کانی فێرکاری، خزمه‌تگوزاری و پیشه‌یی ماون، تا ئێستاش ته‌نیا نیوه‌ی بودجه‌ی پێویست بۆ ئه‌و پڕۆژانه ته‌رخان کراوە.
سەرچاوە: رۆژنیوز


