ئەڵمانیا؛ گردبوونەوەی برینداران و دادخوازەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە شاری مونیخ(میونشن)

‏ک.م.م.ک:

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی سێپتەمبەری٢٠٢٤، لە سەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا، کۆمەڵەی برینداران و دادخوازەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، گربوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی خۆیان بە کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان، له شاری مونیخی ئاڵمان بەڕێوەبرد.

لەم دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی ئەندامانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لایەنە سیاسییەکان و ڕەوتی کوردستان بەڕێوەچوو، کۆمەڵەی برینداران و دادخوازانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بە خوێندنەوەی بەیاننامەیەک، تاوانەکانی ڕێژیمی ئێرانی شەرمەزار کرد.

لە پەراوێزی گردبوونەوەکەدا، بێهنام شابازی، بە ناوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە، گفتوگۆیەکی لەگەڵ مەحمود عەبدی، یەکێک لە قوربانییەکان و ئەندامی کۆمەڵەی برینداران و دادخوازەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، کرد:

پرسیار: مەبەستت لە بەڕێوەبردن و بەشداریکردن لەم گردبوونەوە چییە؟

وەڵام: پێش هەموو شتێ بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و دووەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کۆبووینەتەوە. ئێمە دەمانەوێت بە هەموو جیهان ڕابگەیەنین کە خەڵکی ئێران و بە تایبەت کوردستان، گیرۆدەی حکوومەتێکی خوێنڕێژ و ستەمکارن، ئێمە وەک قوربانیانی ئەم شۆڕشە، جێی متمانەترین بەڵگەکانین بۆ سەلماندنی دیکتاتۆریەتی ئیسلامی ئێران. مەبەست لەم گربوونەوە، هەڵدانی بانگی دادخوازییە و ڕاگەیاندنی بەردەوامبوونی بڵێسەی ئاگری شۆڕشە و بە دڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنین کە بەم زووانە شۆڕش دەست پێدەکاتەوە و ڕێژیمی ئێران بانگهێشتی دادگا نێودەوڵەتییەکان دەکەین.

پرسیار: ئێوە وەک قوربانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ئایا تا ئێستا توانیوتانە لیژنەیەکی یاسایی پێکبهێنن کە بتوانێ دۆسیەکەتان بکاتە دۆسیەیەکی نێودەوڵەتی دژی ڕێژیمی ئێران؟

هەرچەندە من نزیکەی سێ مانگە لە وڵاتێکی ئارامدام، بەڵام بۆ دەستپێکی هەوڵەکانم بوومه ئەندامی کۆمەڵەی برینداران و دادخوازەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی. لە ڕاستیدا هێشتا نەمانتوانیوە لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا تاوانێک لە دژی ڕژێمی فاشیستی ئیسلامی ئێران ڕابگەیەنین، بەڵام خەڵک دڵنیا دەکەینەوە کە بە هاوکاری دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵە ئازادیخوازەکان بەم ئامانجە دەگەین.

پرسیار: پەیامەکەت لە سەروبەندی دووەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن ژیان، ئازادی، بۆ نەتەوەی کوردستان چییە؟

وەڵام: ئێمەی خەساربەرکەوتووان ئەم پەیامەمان هەیە بۆ خەڵکی ناوخۆ کە بەشداری مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ٢٥ی خەرمانان بکەن و نەهێڵین خوێنی ئەو شەهیدانە لەبیر بچنەوە و با کەسوکاری شەهیدان لەخۆمان نەڕەنجێنین کە پێیان وابێ کە ئێمە ئەوان و منداڵەکانیانمان لەبیر کردووە. هیوادارم بە هاریکاری و یەکگرتن، ئەم هاوپەیمانییە بکەینە هێمایەک بۆ سەرکەوتن و بە ئەنجام‌گەیاندنی ئەم شۆڕشە.

بێهنام شابازی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *