ژمارەیێک لە چالاکوان و هاوڵاتی نارازیی لەلایەن پۆلیسى هەولێر لە باشوری کوردستان بەبیانووى دەسپێکردنى خۆپیشاندان دەستگیرکراون و تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ئازادنەکراون .
تائێستا عەلى مەحمود چالاکوانى مەدەنى و ژمارەیەک لە هاوڵاتیانى دیکەی ناڕازیی شارى هەولێر کە ژمارەیان هەشت کەس دەبێت لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەرکراون .
بەپێى هەواڵێک کەناوەندی ڕۆژنیوز بڵاوی کردۆتەوە، هێزە ئەمنیەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو هەشت هاوڵاتیە دەکات کە بڕیاربوو ئەمڕۆ لەبەردەم پارکى سامى عەبدوالرحمانی هەولێر بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر قەیرانەکانی هەرێم و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان خۆپیشاندانێکی هێمنانە ئەنجامبدەن.
هەربەپێى زانیاریەکان لەنێو دەستگیرکراواندا چەندین ژنی تێدایە و هاوکات بەشێک لەوانەى دەستگیرکراون بۆیەکەمجارە دەیانەوێت بەشدارى چالاکیەکانى هەولێر بکەن . بەیانى ئەمڕۆ لەشارى هەولێر هەوڵێک هەبووە بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان، بەڵام بەرلەدەسپێکردنى هێزە ئەمنیەکانی پارتی ئەو هەشت کەسەیان دەستگیرکردووە.