ک.م.م.ک:
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ٢٠ی گەلاوێژی٢٧٢٤، بە پێی حوکمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە کرماشان، سەرجەم موڵک و ماڵ و سامانی کاوە عەزیزی، چالاکی سیاسی خەڵکی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی ئەورووپا، لە لایەن ستادی ئیجرایی فەرمانی خومەینی، دەستی بەسەردا گیرا.
ئەم هاووڵاتییە کە پێشتر لە کرماشان نیشتەجێ بوو، بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بە تۆمەتی ئەندامێتی له یەکێک له حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، له ساڵی٢٧٢٢ی کوردی، ناچار بە جێهێشتنی ژن و منداڵەکەی بوو.
شایانی باسە، بۆ یەکەمین جار لە دوای ئینقلابی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، بە فەرمانی خومەینی، موڵکی نەیارانی ڕێژیم، کەمایەتییە مەزهەبییەکان و کەسانێک کە دوای گۆڕینی ڕێژیم ڕوویان لە وڵاتانی دیکە کردبوو، بە ناوی دامەزراوەی بونیادی موستەزعەفان دەستیان بەسەردا دەگیرا و تا ئێستاش هەمان ڕێکار له لایەن ستادی ئیجرایی خومەینیەوە بەردەوامە.
خ.ع